ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق: ئەگەری کارابوونی خولی نوێی پەرلەمان لەمساڵدا نییە
نهانیوز-هەواڵەکان
نزیکەی 120 پڕۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر نەدراوە و بۆ خولی داهاتو بەجێ دەمێنن، چالاکوانێکیش ڕایدەگەیەنێت، لەم خولەدا 200 ئەندام پەرلەمان لە کۆی 329 ئەندام بەشداری کۆبونەوەکانیان نەکردوە...
محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند" هیچ پێشبینییەک بۆ کارابوونی خولی نوێی پەرلەمان لەمساڵدا نییە و ئەو پڕۆژەیاسایانەی دەنگیان لەسەر نەدراوە، لەم خولەدا تێناپەڕێندرێن".
ئاماژەی بەوەشکردوە، بەهۆی ناکۆکی و ڕا جیاوازەکانی نێو پەرلەمان، نزیکەی 120 پڕۆژەیاسای گرنگ ماون کە بۆ خولی داهاتو بەجێ دەمێنن..
پێشتریش مەزهەر ساعیدی، سەرۆکی ڕێکخراوی ڕوانگەی کاری پەرلەمانی ڕایگەیاندوە" لەم خولەی پەرلەماندا لە کۆی 329 ئەندام پەرلەمان 200 ئەندام بەشداری کۆبونەوەکانی پەرلەمان نەبون و تەنها 10 پرۆژەیاساش پێشکەش کراون".
ساعیدی ئەوەشی خستوەتە ڕو" لە کۆی 32 کۆبونەوەی ئەم وەرزەی پەرلەمان، تەنها 10یان ئەنجامدراون و سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ناوی ئامادەنەبوانی بڵاونەکردوەتەوە و ئەوەش بە پێشێلکاری یاسا دادەنرێت."
ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق 11ی تشرینی دووەمی 2025ی دیاری کردووە وەکو ڕۆژی هەڵبژاردنەکانی خولی نوێی پەرلەمان.
|