نهانیوز-هەواڵەکان
ئەمڕۆ شەممە17ی ئایار بەغداد میوانداری لە سەرۆکانی 22 وڵاتی عەرەبی و سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات و بەفەرمی 34ـیەمین لوتکەی عەرەبی دەست پێ دەکات، یەک لە میوانانی لوتکەی عەرەبی بەغدا، پێدرۆ سانشێز، سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیایە.
بەگوێرەی کارنامەی لوتکەکە، سەرۆکانی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، تاوتوێی جەنگی غەززە و هاوکاریکردنی لوبنان، هەروەها پێشهاتەکانی سووریا و یەمەن دەکەن، چەند سەرۆکێکیش پێشوەختە بڕیاری بەشدارینەکردنی لوتکەی عەرەبییان داوە، لەوانە ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا و شا عەبدوڵلا، شای ئوردن.
لای خۆشییەوە محەمەد شیاع سودانی، سهرۆك وهزیرانی عێراق باسی لەوەکرد، كه ڕهنگه بهیاننامهی كۆتایی بابەتی چاوەڕوان نەکراو لهخۆبگرێت، بهبێ ئهوهی باسی وردهكارییهكان بكات، ئهمهش دهرگا بهرووی چهندین ئهگهردا دهكاتهوه سهبارهت بهو ههڵوێسته هاوبهشانهی له كۆتایی لوتكهكه ڕادهگهیهنرێت.
هاوکات باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراقیش ڕایگەیاند، لوتکەی عەرەبی کە 17ی ئەم مانگە لە بەغدا بەڕێوەدەچێت، یەکێک دەبێت لە گرنگترین لوتکە عەرەبییەکان.
هەروەها، لە لوتکەکەدا باس لە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە ئاسایشی نەتەوەیی عەرەبی و ئاڵنگارییە سیاسییەکانی ناوچەکە دەکرێت، جگە لە پرسەکانی گەشەپێدانی بەردەوام، هاوکاری ئابووری و یەکگرتن لە بەرامبەر قەیرانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان.
ئەمەش لەکاتێکدایە، لە کارنامەی لوتکەی عەرەبیدا سەرجەم دۆسیەو قەیرانەکانی ناوچەکەو پرسە چارەنووسسازەکانیش گفتووگۆی لەبارەوە دەکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش حكومەتی عێراق ھەموو ئامادەكارییە ئەمنی و تەکنیکییەکانی بۆ پێشوازیی لە سەرکردە و بەرپرسانی عەرەبی تەواو کردووە.