رەخنەی توند لەم خولەی پەرلەمانی عێراق دەگیرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی ڕوانگەی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات: پەرلەمان لە کۆی 32 دانیشتنی ئەم خولەی ئێستا تەنها شەش دانیشتنی ئەنجامداوە و بە تێکڕا ڕێژەی 173 ئەندام پەرلەمان لە دانیشتنەکان بەشداریان کردوە.
مەزهەر ئەلسەعدی لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی ڕەخنە لە ئەدای پەرلەمانتارانی عێراق گرت و دەڵێت" سەرۆکایەتی پەرلەمان خۆی لە راگەیاندنی ڕێژەی ئامادەبوان و ئامادەنەبوانی پەرلەمانتاران بەدور گرتوە، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای رێکارە یاساییەکانە".
وتیشی" لە خولی ئێستادا تەنها 10 یاسا پێشنیاز کراوە، هەروەها 200 پەرلەمانتار بۆ جارێکیش بەشداری دانیشتنەکانیان نەکردوە و یەک کەسیشیان بە وشەیەک بەشدارییان لە گفتوگۆکانی پەرلەمان نەکردوە".
سەرۆکی ڕوانگەی پەرلەمان ئەدای بەشێک لە پەرلەمانتاران لەو خولەی پەرلەمان بە تاوان وەسف دەکات و دەشڵێت" زۆرێک لە پەرلەمانتارەکان ئەرکەکانیان لە یاسادانەوە گۆڕیوە بۆ تەنها جێبەجێکردن".
|