نها نیوز - هەواڵەکان
یەکێتیی سەندیکای کرێکارانی عێراق رایگەیاند، رێژەی بێکاری لە عێراق 20%ـی تێپەڕاندووە، کەچی نزیکەی یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە وڵاتەکەدا کاردەکەن، ئەمەش کاریگەریی نەرێنی لەسەر دۆخی کرێکارانی عێراق دروستکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە یەکی ئایاری 2025 ستار دەنبووس، سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران لە عێراق رایگەیاند " زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقدا هەن، لە کاتێکدا عێراق خۆی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێت".
سەرۆکی یەکێتیی سەندیکاکانی کرێکاران ،سەبارەت بە ژمارەی هێزی کاری بیانی لە عێراقدا وتی "ژمارەکان زۆر ترسناکن ،بەپێی ئامارەکان زیاتر لە یەک ملیۆن کرێکاری بیانی لە عێراقدا هەن، لە کاتێکدا عێراق خۆی بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێت".
ستار دەنبووس لەبارەی رێژەی بێکاری باسی لەوە کرد،بەپێی وەزارەتەکانی پلاندانان و کار، رێژەی بێکاری لەناو چینی کرێکارانی عێراقدا بە نزیکەی 13% مەزەندە دەکرێت، بەڵام رێژەکە زیاترە لە 20%، ئەمەش بەهۆی بوونی ژمارەیەکی زۆر لە دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان، هەروەها لەبەر ئەوەی دەوڵەت دوو ساڵ پێش ئێستا رایگەیاند هیچ دامەزراندنێک نییە، مەگەر بەپێی پێویستیی وەزارەتەکان بێت".
دەشڵيت " "کرێکارانی پاککەرەوە و شارەوانییەکان لە وڵاتانی جیهاندا کرێی زۆر وەردەگرن. هەموو ساڵێک رێکخراوی کاری نێودەوڵەتیی کۆنفرانسەکەی لە جنێڤ دەبەستێت، ئێمە ئاگاداری کرێی کرێکارانی پاککەرەوەین لە وڵاتانی جیهاندا، کە کەمترین کرێ 3000 دۆلارە، لە کاتێکدا کرێی کرێکاری عێراقی نزیکەی 100 دۆلارە."
ئەمڕۆ1ی ئایار لە جیهاندا بە رۆژی کرێکاران ناسێنراوە و تێیدا کرێکاران چالاکی و رێورەسمی تایبەت ئەنجامدەدەن و داوای مافەکانیان دەکەن.