ئایا سودانی بۆ جاری دووەم دەبێتەوە بە سەرۆک وەزیران؟
نها نیوز – هەواڵەکان
لەگەڵ نزیكبوونەوەی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان دەنگۆی نوێكردنەوەی خولی دووەم بۆ سودانی دێتە ئاراوە، بۆ ئەو مەبەستە شرۆڤەكارێك دەڵێت، بەشداری رەوتی سەدر لە هەڵبژاردنەكاندا دەتوانێت بەشداری بكات بۆ نوێكردنەوەی خولی دووەم بۆ سودانی.
عەباس جبوری، شرۆڤەكاری سیاسی سەبارەت بە ئەگەری هەڵبژاردنەوەی محەمەد شیاع سودانی بۆ خولی دووەمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، بۆ ئاژانسی رۆژنیوز وت "پرسی هەڵبژاردنەوەی خولی دووەمی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیوەستە بە هاوسەنگییە سیاسییەكان و نەخشەی هەڵبژاردن، كە تائێستا سروشتی ئەو نەخشەیە نازانین".
وتیشی "ناتوانین باسی خولی دووەم بۆ سەرۆك وەزیران بكەین، مەگەر بزانین لەكاتی هەڵبژاردنەكاندا چەندە كورسی بەدەس دەهێنێت، بۆ نموونە ئەگەر رەوتی سەدری بەشداری بكات، ئەوا حیساباتی نوێ دەبێت، بەشدارینەكردنی ئەویش حیساباتی دیكەی دەبێت".
عەباس جبوری شرۆڤەکار ئاماژەی بەوەشدا، چانسی سودانی بۆ خولی دووەم هەژمار ناكرێت، بەڵام لە هەموو روویەكەوە بەدووری نازانرێت.
|