نها نیوز – هەواڵەکان
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەگەری بەشداریکردنی عێراقییەکانی دانیشتووی دەرەوەی وڵات لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا ڕاگەیاند و جەختیشی لەوە کردووەتەوە ئەمە پابەندە بە دوو مەرجەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی نیسانی، 2025، نیبراس ئەبو سودە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، "کۆمسیۆن بەپێی یاسا کارپێکراوی ژمارە 4ـی ساڵی 2023 (هەموارکردنی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پارێزگا و قەزاکان ژمارە 12ـی ساڵی 2018) کاردەکات، بەپێی ئەو یاسایە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی 2023 ئەنجامدرا".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆمسیۆن هیچ هەموارکردنێک یان پێشنیارێک بۆ یاسایەکی نوێ وەرنەگرتووە کە بتوانێت هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران، کە بڕیارە لە مانگی 11ـی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت"، ڕوونیشیکردەوە "کاتێک کۆمسیۆن هەر یاسایەکی پێشنیارکراوی وەردەگرێت، بە شێوەیەکی ئۆپەراسیۆنی لێی دەکۆڵێتەوە و وەڵامی دەداتەوە بە تێبینی سەبارەت بە جێبەجێکردنی".
ئەبو سودە، ڕوونیشیکردەوە، "بەپێی یاسا عێراقییەکانی نیشتەجێی دەرەوەی وڵات و خاوەنی کارتی بایۆمەتری دەتوانن بێنە عێراق و لە چوارچێوەی بازنەی هەڵبژاردنەکانیان دەنگ بدەن. هیچ هەڵبژاردنێک لەو وڵاتانە ئەنجام نادرێت کە پێکهاتەی عێراقی تێدا ئامادەیە".
مەرجەکانی بەشداریکردنی عێراقییەکانی دەرەوەی وڵات لە هەڵبژاردنەکاندا لە ماددەی 47ـی یاسای ئێستای هەڵبژاردنەکاندا هاتووە کۆمسیۆن لە کردنەوەی بنکەی دەنگدان لەو وڵاتانە قەدەغە دەکات کە عێراقییەکان لە دەرەوەی وڵات نیشتەجێن. هەروەها پێویستی بە کارتی بایۆمەتری هەیە بۆ دەنگدان.