نها نیوز – هەواڵەکان
بەپێی وتەی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، دواخستنی هەڵبژاردن، عێراق دەخاتە بەر مەترسی دابەشبون.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە نوری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە وتەیەكدا كە لە ڤیستیڤاڵێكدا پێشكەشیكرد رایگەیاند "ئێمە داكۆكی لەو سیستمە دیموكراتییە دەكەین كە تێیدا دەسەڵات لەڕێگەی هەڵبژاردنەوە بەشێوەیەكی رێكوپێك ئاڵوگۆڕدەكرێت".
ئاماژەی بەوەشکرد "هەڵبژاردن دیارترین سیمای پڕۆسەی دیموكراسییە و بەردەوام باوەڕمان پێیەتی و هەروەها هەڵبژاردن گەرەنتی و رەگەزی دیاری پڕۆسەی دیموكراسییە لە عێراق".
نوری مالیکی جەختیشیكردەوە، رەتكردنەوەی هەڵبژاردن بەواتای رەتكردنەوەی دیموكراسییەت و پڕۆسەی سیاسی و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتە.
هەر بەوتەی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا "هەندێك دروشم دەبیستین، نازانین بەمەبەستن یاخود هەڕەمەكین، باس لە دواخستن یان رەتكردنەوەی هەڵبژاردن دەكەن".
وتیشی "هەڵبژاردن، ئەركێكی شەرعی و مرۆیی و ئەخلاقییە و بەهیچ شێوەیەك قبوڵی ئەوە ناكەین باس لە دواخستنی بكرێت".
ناوبراو هێمای بۆ ئەوەشكرد، "قسەكردن لەسەر پێكهێنانی حكومەتی لەناكاو هیچ بنەمایەكی نییە تەنیا ئەو كاتە نەبێت كە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان داوای بكەن و ئەویش بۆ ماوەیەكی كاتی كە یەك مانگە، بۆیە ئەو داوایانە رەتدەكەینەوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی لەناكاو هەن".
نوری مالیکی لەدرێژەی وتەکانیدا باسی لەوەشکرد، هەڵپەساردن یاخود دواخستنی هەڵبژاردن، عێراق دەخاتە سەر سەكۆی دابەشبون و كۆمەڵێك قەیران و مەترسی كە كۆتاییان نایەت.