نهانیوز-هەواڵەکان
گرژییەکانی نێوان ئیران و ئەمریکا بەردەوامە و بەپێێ هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز ١٠ فەرماندە و بەرپرسی باڵای عێراق جەخت دەکەنەوە کە چەند گروپێکی میلیشیا بەهێزەکانی سەر بە ئێران لە عێراق بۆ یەکەمجار ئامادەییان دەربڕیوە کە بۆ خۆپاراستن لە پەرەسەندنی ململانێکان لەگەڵ ئیدارەی ترەمپدا، چەک دابنێن.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە کە لە دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە بنهێنی هۆشدارییان داوەتە حکومەتی عێراق کە ئەگەر میلیشیاکان هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوا دەکرێنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
لەمبارەوە عیزەت شابەندەر، کە یەکێکە لە سیاسەتمەدارە شیعەکانی نزیک لە هاوپەیمانیی حکومڕانی عێراق بە ئاژانسەکەی ڕاگەیاند" گفتوگۆکانی نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران و ژمارەیەک سەرکردەی میلیشیاکان لە قۆناگێکی زۆر پێشکەوتوودایە وئەو گروپانەش دەیانەوێت داواکارییەکانی ئەمریکا بۆ بۆ داماڵینی چەک جێبەجێ بکەن".
وتیشی" گروپەکان کەللەڕەقی یان پێداگری ناکەن لەسەر ئەوەی بەم شێوەیەی ئێستایان بەردەوام بن و بە تەواویش درک دەکەن بەوەی پێدەچێت لەلایەن ئەمریکاوە بکرێنە ئامانج."
ئاژانسی بڵاویشیکردووەتەوە کە لەو بارەیەوە لەگەڵ شەش سەرکردەی خۆجیی میلیشیاکانی کەتیبەکانی حزبوڵا، نوجەبا، کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا و ئەنساروڵای ئەوفیا قسەی کردووە و جەختیان کردووەتەوە لەوەی ئەمریکا هەڕەشەی کردووە.
یەکێک لە سەرکردەکانی حزبوڵا کە بەهێزترین میلیشیای شیعەکانە دەڵێت" ئێمە دەزانین ترەمپ ئامادەیە جەنگەکە لەگەڵماندا بگەیەنێتە ئاستێکی خراپتر و دەمانەوێت خۆمان لەو سیناریۆ خراپە بەدووربگرین".
سەرکردەکانی ئەو میلیشیایانە ڕایانگەیاندووە کە سوپای پاسداران سەرپشکییان کردوون لە بڕیاردان بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیلدا نەکەونە ململانێوە.
ئەو میلیشیایانە لە ژێر ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کاردەکەن کە نزیکەی 10 گروپی توندڕەوی شیعە لەخۆدەگرێت و خاوەنی نزیکەی 50 هەزار چەکدار و جبەخانەیەکی مووشەکی دوورمەودا و دژە فڕۆکەیە.
بە وتەی دوو بەرپرسی ئەمنیش، سوودانی گوشار دەکات بۆ چەکداماڵینی سەرجەم میلیشیاکانی نێو مقاوەمەی ئیسلامی کە پێشتر پاشکەوتەییان بۆ سوپای پاسداران یاخود فەیلەقدی قودسی ئێرانی دەربڕیبوو، نەک بۆ بەغداد.
لە ناوەڕاستی کانوونی دووەمی رابردووەوە بەشێک لە میلیشیاکان تا ڕادەیەکی زۆر بارەگاکانیان لە شارەکاندا چۆڵ کردووە، لە نێویشیاندا لە موسڵ و ئەنبار، ئەویش لە ترسی ئەوەی ڕووبەڕووی هێرشی ئاسمانیی نەبنەوە.
هاوکات چەندین سەرکردەشیان ڕێوشوێنە ئەمنییەکانیان بۆ پاراستنی خۆیان زیاتر کردووە و بەردەوامیش مۆبایل و ئۆتۆمبێل و شوێنی نیشتەجێبوونیان گۆڕیوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش ڕایگەیاند دەبێت ئەو هێزانە گوێرایەڵی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق بن نەک ئێران.
لای خۆشیەوە عیزەت شابەندەر ڕایگەیاند، هێشتا ڕێککەوتنی حکومەتی عێراق لەگەڵ سەرکردەی چەکدارەکان کۆتایی نەهاتووە و گفتوگۆ لەسەر میکانیزمی چەکداماڵینیان بەردەوامە.