کۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان هاوڵاتیان ئاگادار دەکاتەوە
نهانیوز- هەواڵەکان
کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە لە ئەمڕۆوە پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستپێدەکات و بۆ ماوەی مانگێک بەردەوام دەبێت.
ئەمڕۆ سێشەممە، کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، دەستەی کۆمسیاران بڕیاریدا 25ـی ئەم مانگە کە دەکاتە ئەمڕۆ پڕۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگاکانی عێراق دەستپێبکات و وتیشی، بڕیارە پڕۆسەکە ماوەی مانگێک بەردەوام بێت.
باسی لەوەشکردووە، پرۆسەی تۆماری دەنگدەران بریتییە لە پڕۆسەی دەرهێنان و نوێکردنەوەی کارتی دەنگدان و تۆمارکردنی ناوی ئاوارەکان و تۆمارکردنی هێزە ئەمنییەکان.
ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەرێم کۆمسیۆن ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و رۆژانە لە رێگەی 173 بنکەوە کارتی دەنگدان بە هاووڵاتیان دەدەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە بە گوێرەی ئامارەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە هەرێمی كوردستان كە هەرسێ پارێزگای هەولێرو سلێمانی و دهۆك دەگرێتەوە، هەزار و 13 كەس ناویان تۆمار كراوە، كە لەو ژمارەیە 347 كەسیان لە سلێمانی و 294 كەس لە هەولێر و 372 كەس لە دهۆك لەماوەی هەفتەی رابردوودا تۆماركراون.
هەر بەگوێرەی ئامارەكە، لەرەسافەی بەغدا زۆرترین كەس تۆماركراون و تۆماری بایۆمەترییان بۆ كراوە كە چوار هەزار و 717 كەسە.
کۆمسیۆن ئەوەشی بڵاوکردوەتەوە کە لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا 14 هەزار و 512 کارتی دەنگدانیشی بەسەر هاووڵاتیاندا دابەشکردووە.
|