عێراق: بەتوندی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەزە دەکەین
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی عیراق ئاشکرایکردووە، بەتوندی ئیدانەی کۆماری عێراق دەردەبڕێت بۆ ئەوە هێرشە سەربازیە دڕندانەی کە لەلایەن ئیسرائیلییه وه دژی هاووڵاتیانی بێ چەک لە کەرتی غەززە ئەنجامدرا، کە بووەهۆی شەهید بوونی 404 فەلەستینی کە زۆربەیان منداڵ و ژن بوون، بەپێی ئەوەی وەزارەتی تەندروستی بڵاویکردووەتەوە لە کەرتی غەززە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ئەم کردەوە شەڕانگێزانە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتی و مرۆیی پێکدەهێنن، و ڕاستەوخۆ خەڵکی مەدەنی بێتاوان دەکەنە ئامانج، ئەمەش بەردەوامیی سیاسەتی چەوساندنەوە و دەستدرێژیی ئەو قەوارە ئیسرائیلییە لە دژی گەلی فەلەستین پشتڕاست دەکاتەوە.
کۆماری عێراق داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بەرپرسیارێتی ئەخلاقی و یاسایی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و ڕێوشوێنی بەپەلە بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم پێشێلکارییە قورسانە و پاراستنی هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی لە درێژەی ئەو هێرشانە کە پێچەوانەی سەرەتاییترین بنەماکانی مافەکانی مرۆڤن.
کۆماری عێراق پشتیوانیی پتەوی خۆی بۆ گەلی فەلەستین لە خەباتی دادپەروەرانەی خۆیان بۆ گەیشتن بە ئازادی و مافە ڕەواکانیان لەوانە مافی چارەی خۆنووسین و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیان دووپات دەکاتەوە.
|