عێڕاق

ئەمریکا کارتی سوری شەڕەنگێزانە لەسودانی بەرزدەکاتەوەو ناوخۆی عێراق دەکاتە ئامانج

نها نیوز – هەواڵەکان

وەزیری بەرگری ئەمریكا هۆشداری توندی داوە بە سەرۆک وەزیرانی عێراق لە خۆهەڵقورتاندنی گروپە چەكدارەكانی بەغدا لە هێرشەكانی وڵاتەکەی بۆسەر یەمەن، هەروەها ئەو وەزیرە بەسودانی وتووە؛ كاردانەوەی خێرایان دەبێت و "میلیشیاكان لەناوخۆی عێراق دەكەینە ئامانج".

ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز لەزاری سەرچاوە ئاگادارەکانی پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکا بڵاویکردووەتەوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنیەكەی ئێوارەی دوێنێدا‌، پەیامێكی هەڕەشە ئامێزی توندی بە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق گەیاندووە.

سەرچاوەکان وتوشیانە "هێگسێس، سودانی ئاگادارکردووەتەوە لەبارەی هەر دەستێوەردانێکی گروپە چەكدارەكان سەبارەت بەكردنە ئامانجی حوسیەکانی یەمەن لەلایەن ئەمریکاوە، كە وادەكات واشنتۆن وەڵامدانەوەی سەربازی خێرای هەبێت بەرامبەر بەو گروپانە لەناوخۆی عێراق، بۆیه دەبێت رێگرییان لێبكرێت لە هەموو دەستێوەردانێک، وەک پێشتر له شەڕەکانی لوبنان و غه ززە روویدا".

ئەو سەرچاوانە ئاشکراشیانکردووە "وەزیری بەرگری ئەمەریکا جەختیكردووە لە پێویستی خێراکردنی یەکلاکردنەوەی پرسی چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان و کارکردن بۆ هەڵوەشاندنەوەیان"، هاوکات وتوشیەتی؛ ئەم بابەتە جێگەی بایەخی زۆری سەرۆک ترەمپ و ئیدارەی ئەمریكایە. لای خۆیەوە، سودانی دووپاتیکردووەتەوە، حکومەت کار لەسەر ئەو پرسە دەکات و لە گفتوگۆدایە لەگەڵ لایەنە چەکدارەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەوبارەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، ئێواری دوێنێ‌ نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڵاویكردەوە، محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن پیت هێگسێس، وەزیری بەرگری ئەمریکاوە پێگەیشتووەو، باسیان لە هاوبەشی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا و سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە کردووە.

هاوکات وەزیری بەرگری ئەمەریکا، پێشهاتەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی یەمەنی خستووەتەڕوو، ئاماژەی بەوەداوە، ئەگەر هێرشی حوسییەکان بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا نەوەستێت، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە ئۆپەراسیۆنەکانی، لای خۆیەوە، سودانی پابەندبونی عێراقی دووپاتكردووەتەوە بە پاراستنی راوێژکارانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، کە لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق بوونیان هەیە، بۆ پشتیوانیکردن لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەگەڵ پابەندبوون بە بەکارهێنانی هێز تەنها لەلایەن دەوڵەتەوە و پتەوكردنی سەقامگیری ناوخۆیی.
 
2025-03-17
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.