عێڕاق

کۆبوونەوەی سێ قۆڵی لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت

نها نیوز – هەواڵەکان

شارەزایەکی دارایی ئاشکرای کردووە، دوو کۆبوونەوە لەنێوان وەزارەتی نەوتی فیدراڵی و وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێم ئەنجامدراون، لەگەڵ نوێنەری کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە کوردستان کاردەکەن.

ڕۆژی یەکشەممە (16ی ئازاری 2025)، هێڤیدار شەعبان، شارەزای دارایی لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندووە، لەم هەفتەیەدا یەکەم کۆبوونەوە لە بەغدا ئەنجام دەدرێت، هەفتەی داهاتووش لە هەولێر کۆبوونەوەیەکی دیکە لەنێوان هەمان لایەنەکان ئەنجام دەدرێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، کێشەی هەناردەکردنی نەوت پەیوەندی بە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەوە نییە، بەڵکو کۆمپانیا نەوتییەکان ڕەتیدەکەنەوە لەم کاتەدا هەناردەکردن دەستپێبکەنەوە تاوەکو قەرزەکانی حکومەتی هەرێم نەدرێتەوە.

لە گرینگترین کێشەکانی بەردەم دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، شێوازی حیسابکردنی بڕی نەوت و شێوازی خەرجکردنی نەوت و پشکی کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان کە نەوت لە هەرێمی کوردستان دەردەهێنن، ئەمە جگە لە پرسی مووچە و ڕسومات و باجی گومرگی. شاندەکانی هەردوولا هەوڵی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە دەدەن پێش دەستپێکردنی پرۆسەی هەناردەکردن.

2025-03-16
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.