عێڕاق

حەشد لەبەرژەوەندی خۆی هەڵەبجە دەکاتە ئامانج و دەیخاتە "سەبەتەی یاسایی"ەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

لایەنە شیعەكان ئامادەكاریی دەكەن بۆ دروستكردنی سەبەتەیەكی یاسایی نوێ بەمەبەستی تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبی، بۆ ئەمە دەیانەوێت یاسای بە پارێزگاكردنی هەڵەبجە بۆ كورد و هەڵوەشاندنەوەی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەریی بۆ سوننە تێپەڕێنن.

بڕیارە بەمزوانە چوارچێوەی هەماهەنگیی (هاوپەیمانیی لایەنە شیعەكانی نزیك لە ئێران) لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببنەوە، بۆ تاوتوێكردنی پرۆژە یاسای (خزمەت و خانەنشینكردنی كارمەندانی حەشدی شەعبی) و چۆنیەتی دەستكاریكردنی هەندێك لە بڕگەكانی پرۆژەكە.

لایەنە شیعەكان كە لەناو خۆیاندا لەسەر ئەم پرۆژە یاسایە ناكۆكن، ئەمجارە دەیانەوێت بەجۆرێك دەستكاری پرۆژە یاساكە بكەن كە گەرەنتی ئەم بابەتانەی تێیدا بكەن:

• هێشتنەوە و پارێزگاریكردن لەمانەوەی فەرماندە گرنگەكانی حەشد.

• گەرەنتیكردنی مافی ئەندامانی حەشد و دیاریكردنی میكانیزمی مووچە و دانانی پۆستەكان لەناو ئەم هێزە.

• پەیكەربەندكردنەوەی حەشد بەشێوەیەكی یاسایی وا كە بە تەنیا بكەوێتە ژێر فەرماندەیی فەرماندەی هێزە چەكدارەكان و دووربێت لە دەستوەردانی حزبی و كەسییەوە.

بڕیارە لە كۆبوونەوەكەی چوارچێوەی هەماهەنگیی و سودانیدا، فەرماندەو راوێژكارە یاساییەكانی حەشدی شەعبیش بەشداری بكەن، ئەمە بەمەبەستی یەكخستنی بڕیارەكان و نەهێشتنی ئەو ناكۆكییانەی كە لەنێوان لایەنەكان سەبارەت بە یاساكە دروستبووە.

لەلایەکی دیکەشەوە سەرچاوەكان لە بەغداوە پێشبینی ئەوە دەكەن، دوای رێككەوتن لەناو خۆیاندا سەبارەت بە یاسای حەشدی شەعبی، رەنگە لایەنە شیعەكان هاوشێوەی تێپەڕاندنی یاساكانی (هەمواری باری كەسێتیی+ گەڕاندنەوەی موڵكەكان+ لێبوردنی گشتیی)، تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبیش لەگەڵ دوو یاسای تر (یەكێكیان بۆ كورد و ئەویتر بۆ سوننە) بكەن بە یەك سەبەتەی یاسایی.

ئەوەی باسدەكرێت، شیعەكان دەیانەوێت لەبەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبیدا، یاسای بە (پارێزگاكردنی هەڵەبجە) یاخود (یاسای نەوت و غاز) بۆ كورد تێپەڕێنن، لەمەشدا ئەگەری تێپەڕاندنی یاسای بەپارێزگاكردنی هەڵەبجە چانسی زیاتری هەیە، چونكە رەشنوسی یاسای نەوت و غاز لە ساڵی 2007ەوە لەنێوان هەولێر و بەغدا ناكۆكی لەسەرە و بەمزوانەش ناتوانن رێككەوتنی لەسەر بكەن.

سەبارەت بە سوننەكانیش، بریارە لەبەرامبەر تێپەڕاندنی یاسای حەشدی شەعبیدا، یاسای هەڵوەشاندنەوەی (لێپرسینەوە و دادپەروەریی) پەسەند بكرێت، یاسایەك كە لەدوای روخانی رژێمی سەددامەوە کە كاری پێدەكرێت بۆ ریشەكێشكردنی بەعس لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەتداو سوننەكان زەرەرمەندی گەورەبوون لەم یاسایە.

بەوهۆیەوە پێشبینی دەكرێت، ئەگەر لایەنە شیعەكان لەناو خۆیاندا لەسەر پرۆژە یاسای خزمەت و خانەنشینی هێزەكانی حەشد بگەنە رێككەوتن، پرۆژەكە ئاڕاستەی كۆبوونەوەی ئیئتیلافی ئیدارەی دەوڵەت (لایەنە پێكهێنەرەكانی حكومەت لە شیعە و كورد و سوننە) بكەن بەمەبەستی دروستكردنی سەبەتەیەكی نوێی یاسایی و دیاریكردنی وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر یاساكان.

 
3کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.