نها نیوز - هەواڵەکان
بۆ یەکەمجار لە دوای دەستبەکاربوونی ترەمپ وەک سەرۆکی ئەمریکا نوێنەرێکی سەردانی عێراقی کردووە، بەڵام سەردانەکە ڕانەگەیەندراوە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز بە پشتبەستن بە سێ سەرچاوەی ئاگادار ئاشکرایکردووە، ئادەم بۆیلەر، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری بارمتەکان، مانگی ڕابردوو گەشتێکی بۆ عێراق کردووە بۆ ئەوەی داوای ئازادکردنی ئەلیزابێس تسورکۆڤ، لێکۆڵەری ئیسرائیلی- ڕووسی بکات، کە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر لە عێراق ڕفێندرابوو.
بەرپرسێکی عێراقی بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرزی پشتڕاستکردووەتەوە، بۆیلەر لە مانگی شوباتدا سەردانی عێراقی کردووە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی تسۆرکۆڤ، بەڵام وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو.
کاربەدەستانی ئیسرائیل ڕایانگەیاندووە، تسورکۆڤ لە عێراق لەلایەن میلیشیاکانی حزبوڵای کاتائیبەوە دەستبەسەرە، سەرچاوەیەک ڕایگەیاند، بۆیلەر بە دوای دانوستاندان بۆ ڕێککەوتنێک بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ لە بەرامبەر شەش ئەندامی گروپی حزبوڵای لوبنانی هاوپەیمانی ئێران، دەشڵێت، "هەوڵی چڕوپڕی حکومەت بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی تسورکۆڤ بەردەوامە".
بەپێی ئاژانسی ڕۆیتەرز، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە نووسینگەی بۆیلەر ڕایگەیاندووە، "ئەمریکا بەرگەی بارمتەگرتنی هاووڵاتیانی ئەمریکی یان هاوبەشەکانمان ناگرێت، وەک ئیسرائیل".
ئەمە یەکەمجار نییە باس لە گۆڕینەوەی تسورکۆڤ بە دیلەکانی حزبوڵای لوبنان دەکرێت کە لەلایەن سوپای ئیسرائیلەوە دەستبەسەرکراون، بەڵام حزبوڵڵا هیچ دیلێکی ئیسرائیلی نییە بۆ ئاڵوگۆڕکردن.
پێشتر بۆیلەر "هێرشی" کردبووە سەر حکومەتی عێراق بەهۆی ئەوەی کار ناکات بۆ ئازادکردنی تسورکۆڤ، بەڵام تۆنەکەی بۆیلەر تاڕادەیەک نەرمتر بوو، دوو ڕۆژ لەمەوبەر ئاشکرایکردووە قسەی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە و ئاگاداری کردووەتەوە کە کار بۆ دەستەبەرکردنی ئازادکردنی تسورکۆڤ بکرێت، بە پشتبەستن بە بیرۆکەیەکی دیاریکراو، بەم زووانە.
سەردانەکەی بۆیلەر بۆ عێراق یەکەم سەردانەکەی ئەندامێکی تیمە نوێیەکەی ترەمپە و جێگای سەرنجە کە ڕانەگەیەندراوە.