عێڕاق

عێراق لەسەر دۆخی سوریا بەتوندی دێتە دەنگ

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی فەرمی حکومەتی راگەیاند و دەڵێت "ئێمه‌ له‌حكومه‌تى عێراق داواى دانبەخۆداگرتن لەهەموو لایەنەکانی سوریا ده‌كه‌ین‌ و داواشده‌كه‌ین پاراستنی گیانی هاوڵاتییانی مەدەنی له‌پێشینه‌ى كاره‌كانى حكومه‌ت‌و گروپ‌و هێزه‌ چه‌كداره‌كان بێت".

وەزارەتی دەرەوەی حکومەتی عێراق لەمیانی راگەیەندراوێکدا دەڵێت "نیگەرانیی خۆمان لە رووداو و پێشهاتە ئەمنییەکانی ناوخۆی سوریا راده‌گه‌یه‌نین، ئەوەی روودەدات، لێکەوتەی مەترسیداریی بۆسەر ئاسایش‌ و سەقامگیریی ناوچەكه‌مان دەبێت".

ئەوەش هاتووە "هەڵوێستی حکومەتی عێراق روونە، کە دەبێت گیانی هاوڵاتییانی مەدەنی لە شەڕ و ململانێکاندا بپارێزرێت‌ و پێویستیشە هەمولایەنەکان دانبەخۆیاندا بگرن‌ و لەبری پەنابردنەبەر هێزو چەک، رێگەی گفتوگۆ و ئاشتیانە بۆ چارەکردنی ناکۆکی‌ و ململانێکان بگرنەبەر".

وەزارەتی دەرەوەی عێراق جه‌ختی له‌سه‌رئه‌وه‌ کردووەتەوە کە، بەئامانجگرتنی هاوڵاتییانی مەدەنی، دەبێتە هۆی قوڵتربونەوەى توندتیژیی ‌و بەردەوامیی ئاڵۆزییەکان، ئەمەش ئاسایشی ناوچەکە لەباردەبات‌ و لەمپەر لەبەردەم هەوڵەکانی ئاشتی ‌و سەقامگیریی دروستدەکات.

هەروەها داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردووە‌، هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بەمەینەتییەکانی گەلی سوریا چڕبکەنەوە و هاوکاربن بۆ ئەوەی ڕێگەچارەی سیاسی بگیرێتەبەر لەپێناو یەکگرتویی سوریاو پاراستنی خەڵکەکەی.

جێی ئاماژەیە، بەهۆی شەڕو پێکدادانی هێزەکانی سوپای نیشتمانی‌و وەزارەتی ناوخۆی دەسەڵاتی نوێی سوریا لەگەڵ گروپە چەکدارەکانی پاشماوەی رژێمی ئەسەد، زیاتر لە 230 کەس کوژراون، بەگوێرەی ئامارێکی روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤیش زیاتر لە68%ی کوژراوەکان خەڵکی مەدەنین‌ و لەلایەن هێزەکانی دەسەڵات گولەباران کراون.
2025-03-08
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.