نها نیوز – هەواڵەکان
بانکی ناوەندی عێراق بەرەو دەرکردنی دراوی دیجیتاڵی هەنگاو دەنێت وەک بەدیلێک بۆ دراوی کاغەزی، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی عێراق بۆ مۆدێرنکردنی سیستەمی دارایی و بەرزکردنەوەی شەفافیەت، هاوکات سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنە تەکنەلۆژییەکان لە بواری دراوی دیجیتاڵیدا.
مەزهەر محەمەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "دەرکردنی دراوێکی دیجیتاڵی لەلایەن بانکی ناوەندییەوە نوێنەرایەتی بازدانێکی چۆنایەتی دەکات لە سیستەمی پارەدانی نیشتمانی، و بەرزکردنەوەی شەفافیەت و کارایی دارایی".
ڕوونیشیکردەوە، "ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی دزەکردنی پارە و کەمکردنەوەی تێچووی چاپکردنی دراوی کاغەز، جگە لە سنووردارکردنی سووڕانەوەی لە دەرەوەی سیستەمی بانکی".
دەشڵێت، "بەم ڕێگایە پێویستی چاپکردنی پارەی دووبارە کەمدەکاتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی تێچووی پەیوەست بە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، دراوی دیجیتاڵی شەفافیەت بەرزدەکاتەوە لەڕێگەی بەدواداچوونی ڕەوتی دارایی و ڕەوتی خەرجییەکان، جا بەکاربردن، پاشەکەوتکردن یان وەبەرهێنان، هەروەها بەشداری دەکات لە باشترکردنی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە و گواستنەوەی دەرەکی، پشتگیری لە هەوڵەکان دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە".
بەوتەی ناوبراو، "دراوە دیجیتاڵییەکان یارمەتیدەر دەبن بۆ بەدەستهێنانی گشتگیری دارایی، بەتایبەتی بۆ ئەو گروپانەی کەمتر تێکەڵ بە سیستەمی بانکی بوون، ئەمەش یەکگرتنی ئابووری و کۆمەڵایەتی بەرزدەکاتەوە"، جەختیشیکردەوە "گواستنەوە بۆ دراوی دیجیتاڵی پێویستی بە ژێرخانی تەکنیکی بەهێز هەیە، لەنێویاندا تۆڕەکانی ئینتەرنێتی متمانەپێکراو و پێشکەوتوو، و سیستەمی پێشکەوتووی ئاسایشی ئەلیکترۆنی بۆ پاراستنی داتا و مامەڵەکان".