لەبارەی گورزە مەترسیدارەکەی ئیسرائیل لەعێراق زانیاری نەبیستراو ئاشکرادەکرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاشکرای دەکات، هەڕەشەکانی ئیسرائیل بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ناوخۆی عێراق هێشتا لە شوێنی خۆیانن، دەشڵێت "ئەمریکا پێشنیازی راگرتنی هاوردەکردنی غازی لە ئێرانەوە بۆ كردون".
فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (العربیە_الحدث)، دان بەوەدا دەنێت ئەمریکا كۆمەڵێك پرسی پەیوەست بە زیادكردنی فشارەكانی بۆسەر ئێران خستووەتە بەردەم حکومەتی عێراق، جەختیش لەوە دەكاتەوە، وڵاتەکەی هەوڵدەدات هاوسەنگی لە پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و تاراندا بپارێزێت.
وەزیری دەرەوەی عێراق ئەوەشی وتووە "ئەمریکا پێشنیازی راگرتنی هاوردەکردنی غازی لە ئێرانەوە بۆ كردووین".
ناوبراو ئاشکراشیکرد "بەغدا هیوادارە گفتوگۆی ستراتیجی لەگەڵ ئیدارەی ئەمریکا بەردەوامبێت".
فوئاد حسێن ئاماژەی بەوەشکرد، واشنتۆن پەیامی نافەرمی لەبارەی دۆخی گروپە چەكدارەكان ناردووە، هەڕەشەکانی ئیسرائیلیش بۆ وەشاندنی گورزی سەربازی لە ناوخۆی عێراق هێشتا لە شوێنی خۆیانن.
سەبارەت بە کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانانیش لە عێراق حەو رونیکردەوەتەوە "کاتی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە".
سەبارەت بە چەکداماڵینی گروپەكانی دەرەوەی دەوڵەتیش، وەزیری دەرەوەی عێراق دووپاتیکردووەتەوە، کە ئەو بابەتە پێویستی بە گفتوگۆی ناوخۆیی هەیە، هاوکات فوئاد حسێن دەشڵێت "ئەو گروپە چەکدارانە مەترسی لەسەر مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان دروست ناکەن".
وەزیری دەرەوەی عێراق، هۆشداریداوە لە مەترسییەکانی داعش و باسی لە بوونی جموجۆڵی گوماناوی لەلایەن ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە كردووە، کە بووەتە جێی نیگەرانی حکومەت.
|