نها نیوز - هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا داوا دەکات محەمەد شیاع سودانی کە خێرابن لە دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم، هەروەها پێویستە پابەندبن بە مەرجەكانی گرێبەستی كۆمپانیا نەوتیەكانی ئەمریكا لە هەرێم.
ئەمڕۆ چوارشەممە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وردەکاری نوێی سەبارەت بە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی راگەیاند.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "رۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە، کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزە و وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا".
راشیگەیاند "هەردوولا رێککەوتوون لەسەر پێویستی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزە و دەستپێکردنەوەی کارپێکردنی هێڵی بۆری عێراق - تورکیا بەخێرایی و، پابەندبون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ راکێشانی وەبەرهێنانی زیاتر".
بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە كاتێكدایە، پێشتر نوسینگەی راگەیاندنی سودانی لەبارەی پەیوەندییە تەلەفونییەی رۆبیۆ و سودانی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، گفتوگۆ لە بوارەكانی هەماهەنگی نێوان عێراق و ئیدارەی نوێی ئەمریكا و چوارچێوەی هاوكاری كراوە، لەسەر بنەمای رێككەوتنە دوو قۆڵیەكان.
هاوكات ئەو پێشكەوتنانە خراوەتەڕوو كەلە كاری هاوبەش لەبوارە جیاوازەكان بە ئەنجام گەیشتووە، رێككەوتون لەسەر چڕكردنەوەی پەیوەندیەكان و قۆڵكردنەوەی هاریكاری نێوانیان، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ كام لەو زانیارییانە بكات كە لە بەیاننامەكەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا هاتووە.