ئەمریکا بۆ عێراق هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان و پابەندبوون بە مەرجەکانی ئەمریکا
نهانیوز- هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئەمڕۆ چوارشەممە، وردەکاری نوێی سەبارەت بەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەی مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کردبووی ڕاگەیاند.
تامی بروس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، ڕۆبیۆ لەگەڵ سودانی کۆمەڵێک بابەتی تاوتوێ کردووە، لەوانە کاریگەری ئێران لە ناوچەکە، پێویستی سەربەخۆیی وزەی عێراق و وەبەرهێنانە بازرگانییەکانی ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هەردوولا ڕێککەوتوون "لەسەر پێویستیی سەربەخۆیی عێراق لەبواری وزەدا، و هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان بە هێڵی بۆری عێراق-تورکیا بەخێرایی"، هەروەها پابەندبوون بە مەرجەکانی گرێبەستی کۆمپانیا ئەمریکییەکان کە لە عێراق کاردەکەن بۆ ڕاکێشانی وەبەرهێنانی زیادە.
دوێنێ نووسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاوە پێگەیشتووە، و باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییە گشتییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا کردووە، هەروەها ڕێگاکانی بەهێزکردن و پەرەپێدانیان.
|