سودانی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی راگرت
نها نیوز - هەواڵەکان
بەگوێرەی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، پلانەكانی حكومەتی عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەكدارەكان راگیراوە، هاوکات خۆرئاوا پێیوایە تەنها هەنگاوێكی رواڵەتیە بۆ كەمكردنەوەی فشارەكان لەسەر عێراق
رۆژنامەی (الشرق الاوسط) بڵاویکردەوە، پلانەکانی عێراق بۆ چارەسەرکردنی دۆخی گروپە چەکدارەکان، بەهۆی نەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریکا و بڕیاری ئێران بە پێشكەش نەكردنی "دیاری بەخۆڕایی" راگیراون.
بەم پێیە بێت، هێزە شیعەکان تاوتوێی دوو ڕێڕەوی سەرەکییان کردووە بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی گروپە چەكدارەكان، یەکەمیان: راگەیاندنی هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکان و رادەستکردنی چەکەکانیان بە دەستەی حەشدی شەعبی و رۆیشتنیان بەرەو کاری سیاسی، بەڵام پێدەچێت ئەم بژاردەیە قەیرانەکە وەك خۆی بهێڵێتەوە، بەهۆی شێوازی پێكهاتەی تێكهەڵكێشی نێوان حەشدی شەعبی و گروپە چەكدارەكان.
لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە رۆژئاواییەکان گومانیان هەیە دانوستانەکان لەبارەی رادەستکردنی چەکی گروپەكان بە حەشدی شەعبی تەنها رێوشوێنێکی رواڵەتی بێت بۆ کەمکردنەوەی فشارەکان.
هاوکات دووەم رێڕەو كە شیعەكان دانوستانیان لەبارەوە كردووە، سڕكردنی گروپە چەكدارەكان بووە هاوشانی پەیكەرەی حەشدی شەعبی، لەڕێی گۆڕینی سەرکردەكانی، لە پۆستی سەرۆکی دەستەوە دەستپێبكەن بەدانانی ئەفسەرێكی دامەزراوەی سوپا، بەمەرجێک لەبەرەی مقاوەمەوە نزیك بێت.
هەر بەگوێرەی رۆژنامەی (الشرق الاوسط)، کارکردن لەسەر تاقیکردنەوەی ئەو دوو ئاڕاستەیە راگیرا بە هۆکاری جۆراوجۆر. سەرچاوەکان دەڵێن؛ ئێران بڕیاریداوە وەڵامی فشارەکانی پەیوەست بەدۆخی حەشدی شەعبی و گروپەكان نەدرێتەوە، بازنە نزیكەكان لە رابەری باڵای ئێران دەڵێن، هیچ پێویست بە پێشكەشكردنی دیاری ناكات ئەگەر پێویست و حساب بۆكراو نەبێت.
|