دەستەی دەستپاكی عێراق تۆڕێكی ساختەكاری دەستگیر دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
دەستەی دەستپاكی عیراق ئاشکرایکردووە، تۆڕێكی لە دەستەی نیشتمانی خانەنشینانی كەركوك دەستگیر كردووە كە زیاتر لە 720 ملیۆن دیناریان بە پاساوی خەرجی خانەنشینان دزیووە.
دەستەی دەستپاكی عیراق لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت، تۆڕێکی سێ کەسییان دەستگیرکردووە کە سەرجەمیان لێپرسراون لە دەستەی نیشتمانی خانەنشینی كەركوك.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو تۆڕە بەهاوکاری لایەنی دەرەکی دەستیانکردووە بە هاككردن و دەستكاریكردنی تۆماری هەژماری بانكی، بەوهۆیەوە نزیكەی 80 خانەنشین پارەیان بۆ هەژمارەكەیان گواستوەتەوە و دواتریش پارەكە دیار نەماوە لە حسابەکانیان.
لە کۆتایدا ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەئێستادا هەر سێ تۆمەتبارەكە بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی كەركوك راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
|