عێڕاق

تێکڕای خەرجی مانگانەی حکومەتی عێراق لە ساڵی 2024 چەند بووە؟

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرۆکی دەزگای "عێراقی ئایندە"، ئاشکرایکردووە، لە ساڵی 2024دا تێکڕای خەرجی مانگانەی حکومەتی عێراق نزیکەی 12 ترلیۆن دینار بووە، و بەهۆی زیادکردنی قەرز و پێشینەی دەستکەوتی دەزگا و وەزارەتەکانی حکومەت کە مانگانە بە نزیکەی 2 ترلیۆن دینار مەزەندە دەکرێت، کۆی خەرجییەکانی حکومەت دەگاتە 14 ترلیۆن دینار لە مانگێکدا.

مەنار ئەلعوبەیدی، توێژەری ئابووری و سەرۆکی دەزگای "عێراقی ئایندە" لە پۆستێکدا ڕایگەیاندووە، کەرتی حکومەت بەزۆری مانگانە 20 ڕۆژ کاردەکات، واتە ڕێژەی خەرجکردنی ڕۆژانە نزیکە لە 700 ملیار دیناری عێراقی. بۆ داپۆشینی ئەم ئاستە خەرجییە، وەزارەتی دارایی پێویستی بەوەیە ڕۆژانە لانیکەم 400 ملیۆن دۆلار بە بانکی ناوەندی بفرۆشێت، بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی بتوانێت ئەو پارە نەختینەیە دابین بکات کە پێویستە بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی حکومەت.

ئاماژەی بەوەشکردووە، بانکی ناوەندی ناتوانێت ئەو دینارە عێراقییە دابین بکات کە وەزارەتی دارایی پێویستی پێیەتی جگە لە فرۆشتنی هاوتاکەی بە دۆلار. بەم شێوەیە فرۆشتنی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە زیادبوونی خەرجییەکانی حکومەتەوە. تا خەرجی زیاتر بێت، بە گوتەی ئەلعوبەیدی، بانکی ناوەندی زیاتر پێویستی بە فرۆشتنی دۆلاری زیاترە.

ناوبراو دەشڵێت، ئەگەر ئەم ڕەوتە بەردەوام بێت، ڕەنگە بگەینە قۆناغێک کە بازاڕ شایەتحاڵی فرۆشتنی ڕۆژانە بێت لە نێوان 400 بۆ 500 ملیۆن دۆلار لە ڕێگەی میکانیزمە جیاوازەکانەوە کە لەلایەن بانکی ناوەندییەوە پەسەندکراوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی کاریگەریی ڕاستەوخۆی بەرزبوونەوەی خەرجییە گشتیەکانە لەسەر بازاڕی دراو.

بە بۆچونی ئەلعوبەیدی، گرنگ نییە سەرنج بخرێتە سەر ڕێژەی فرۆشتنی دۆلاری ڕۆژانە، بەڵکو پێویستە گرنگی بە ڕێژەی خەرجکردنی ڕۆژانە بدرێت کە زیادبوونی فرۆشی دۆلاری ڕۆژانە دەسەپێنێت.

2025-01-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.