ئەمریکا بەبێ ئاگاداری بەغدا گورزێکی کەمەر شكێن لە عێراق دەدات
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە ئەنبار رایدەگەیەنێت، ئەمریکا بەبێ ئاگاداری بەغدا ژمارەیەكی زۆر كۆمپانیای ئەمنیی بیانی هێنراونەتە عێراق کە پەیوەندی راستەوخۆیان بە سوپای ئەو وڵاتە و نوسینەگەكانی مۆسادەوە هەیە لە هەولێر.
ئاژانسی هەواڵی "میهر"ی ئێرانی لەزاری سەرچاوەیەكی بەرپرس لە پارێزگای ئەنبار، وتی "هێزەكانی ئەمریكا لایەنی بەرپرسن لە هێنانە ناوەوەی دەیان كۆمپانیای ئەمنی بیانی و پێدانی ڤیزای هاتنە ناوەوە بۆ عێراق، لەڕێی نوسینگەی دەركردنی پاسپۆرت لەناو بنكەی "عەین ئەسەد" لە ناحیەی بەغدای سەربە قەزای هیت، لە رۆژئاوای پارێزگای ئەنبار، كە ئەمریكییەكان سەرپەرشتی دەكەن دوور لە حكومەتی ناوەندیی عێراق و، ملكەچی هیچ چاودێرییەكی لایەنە پەیوەندارەكان نین".
ئاژانسە ئێرانیەكە هەر لەزاری ئەو سەرچاوەوە ئاشکراشیکردووە "هێزەكانی ئەمریكا ڤیزای هاتنە ناوەوەیان داوە بە ژمارەیەكی زۆر لە كۆمپانیا ئەمنیە بیانیەكان و بەسەر پارێزگاكانی عێراقدا دابەشیانكردوون، بەبێ ئەوەی هۆكاری راستەقینەی ئەوە بزانرێت كێ لەپشت هێنانەناوەی ئەو كۆمپانیایانەیە، كەلە دەرەوەی دەسەڵاتی دامەزراوە ئەمنیەكانی عێراق كاردەكەن و بەشێوەیەكی راستەوخۆ پەیوەندییان بە هێزەكانی ئەمریكا و نوسینگەكانی مۆسادی ئیسرائیلەوە هەیە لە پارێزگای هەولێر".
هەر بەوتەی سەرچاوەكەی کە بەرپرسە لە پارێزگای ئەنبار "لەگەڵ ئەوەی دۆخی ئەمنیی لەسەرجەم پارێزگاكانی عێراق سەقامگیرە و ماوەیەكی زۆرە هیچ روداوێكی ئەمنیی روینەداوە، بەڵام ئەو رێوشوێنانەی ئەمریكا نەزانراوە پاڵنەرەكەی چییە، سەرەڕای ناڕەزایی فەرماندە ئەمنیەكانی عێراق لەسەر پێدانی ڤیزا بەو كۆمپانیایانە، بەوپێیەی وڵاتەكە سەقامگیرەو پێویستی پێی نییە".
|