سودانی گورزێکی گەورە و مەترسیدار لە تاران دەدات
نها نیوز – هەواڵەکان
بڕیارە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا گفتوگۆ لەبارەی پرسی میلیشیاكان و پابەندبون بە سزا ئابوورییەكانی ئەمریكا بکات، هاوکات سودانی ئاشکرایکردووە کە بەغدا چیتر ناتوانێت هاوكاری ئێران بكات لە خۆدزینەوەی لە سزاكان و چاوپۆشیكردن لە بە قاچاغبردنی بردنی دۆلار.
رۆژنامەی (ئەلعرب) بڵاویکردووەتەوە، نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، سەردانەكەی سودانی بۆ ئێران كە بڕیارە رۆژی چوارشەممەی داهاتوو ئەنجامیبدات، بەسەردانێكی پرۆتۆكۆلی و ئاسایی ناوبردووە بۆ گفتۆكردن لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات.
بەڵام سەرچاوە سیاسیەكان دەڵێن "لێكەوتەكانی روخانی رژێمی بەشار ئەسەد و شكستی حزبوڵڵا لە لوبنان و، داواكارییەكانی ئەمریكا بۆ كۆكردنەوەی چەك لە دەستی دەوڵەت و، نەهێشتنی هەژمونی میلیشیاكان و دەستوەردانیان لە بڕیاری سیاسی عێراق، ئەجێندای لە پێشینەی سەردانەكە دەبێت.
هەر بەپێی رۆژنامەکە، ئەركی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە تاران ئاسان نابێت، بەوپێیەی هەوڵدەدات قەناعەت بە سەركردایەتی ئێران بكات لە دۆخی حكومەتەكەی تێبگەن و، ئەو فشارانەی رووبەڕووی دەبێتەوە بەهۆی گروپە چەكدارەكان و پەیوەندی لەگەڵ ئێران، بەتایبەت لەپرسی پەیوەست بەپابەندبوون بە سزا ئابوورییە سەپێندراوەكان بەسەریداو، چاوپۆشیكردن لە بە قاچاغبردنی دۆلار و نەوت و هاوكاریكردنی ئێران لەخۆدزینەوە لە سزاكان.
هاوکات، چاوەڕوان دەكرێت فشارەكانی واشنتۆن لەسەر بەغدا لە ویلایەتی دۆناڵد ترەمپدا چڕتربكرێتەوە، بۆیە هەوڵدان بۆ سازان لەگەڵ ئێران لەبارەی چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو فشارانە، لەچوارچێوەی ئەو بابەتانەدا دەبێت كە سودانی لەگەڵ سەركردایەتی ئێران باسی دەكات.
رۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە بەشیكی دیکەی راپۆرتەکەیدا ئەوەشی خستووەتە روو، پاشەكشێی پێگەی ئێران لەناوچەكە بەهۆی تێكشاندنی هەردوو بازنەی سوریا و لوبنان، هانی سودانی داوە ئەو دۆسیە هەستیارانە لەگەڵ سەركردایەتی ئێران بكاتەوە، لەنمونەی داواكردنی بۆ هاوكاریكردن لە كۆنترۆڵكردنی جموجۆڵی میلیشیاكانی لە عێراق و قەناعەت پێكردنیان، بۆ خۆبەدورگرتن لە هێزەكانی ئەمریكا بۆ توڕەنەكردنی دۆناڵد ترەمپ، هەروەها ئامادەكاریكردن بۆ پابەندبونی عێراق بە جێبەجێكردنی سزا ئابووریەكان بەسەر ئێراندا.
|