نوری مالكی پلانێكی مەترسیداری ئیسرائیل ئاشكرا دەكات
نها نیوز – هەواڵەکان
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداریدا لەوەی پڕۆژەی دابەشکردنی سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل، لە ساڵانی 1967 و 1982 لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئامادەکراوە و دابەشکردنەکەش لە سوریاوە سەرەتای جێبەجێکردنی پرۆسەکەیە.
نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکدا لە فێستیڤاڵی یادکردنەوەی سەرکردەکانی نەسر وتی "پڕۆژەی دابەشکردنی سەرجەم وڵاتانی دەوروبەری ئیسرائیل، لە ساڵانی 1967 و 1982 لەلایەن ئەو وڵاتەوە ئامادەکراوە، بۆ دابەشکردنی سەرجەم ئەو وڵاتانە بەسەر کانتۆنی بچووکدا، بۆ ئەوەی نەتوانن هاوپەیمانی یەکتربن و رووبەڕوویان ببنەوە".
ناوبراو زیاتری ئاشکراکرد "رەنگە ئەوەی لە سوریا روویدا سەرەتای جێبەجێکردنی پرۆسەکە بێت، بەدابەشکردنی وڵاتەکە بۆ چەند دەوڵەتێکی بچووک، تاوەکو توانای وەستانەوەیان نەبێت بەرامبەر بەوان".
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەشکرد "پێشتر هەموو هەوڵەکان تەنیا بۆ پاراستنی غەززە و باشوری لوبنان بوون، بەڵام لە ئێستادا ئەرکەکەیان ئاڵۆزتر بووە، ئەمڕۆ ئەرکی ئەوان پاراستنی ئەو ناوچەیەیە کە بەهۆی روخانی دەسەڵاتی بەشار ئەسەدەوە، بە وتەی ئەوان رووبەڕووی "دەستدرێژی" بووەتەوە.
"دوژمن ئێوە و منداڵەکانتان هاندەدات بۆ گۆڕینی واقیعی ئەو دەوڵەتەی کە ئێمە تێیداین، بەڵام ئەوان شکست دەهێنن، ئەم وڵاتانەش بە یەکگرتوویی دەمێننەوە". نوری مالکی وا دەڵێت
|