نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵیاندا گۆڕانكاریی سوریا ببەستنەوە بە گۆڕینی سیاسییەوە لە عێراق، دەشڵێت "لەسەرەتای رووداوەكانی سوریاوە سوربووین لەسەر ئەوەی عێراق لایەنگری هیچ لایەن و گروپێك نەكات".
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا لە مەراسیمی یادی ماتەمینی ئایەتوڵا (سەید محەمەد باقر حەكیم) وتی "ماوەی زیاتر لە ساڵێكە ناوچەكەمان پەرەسەندنی بنەڕەتیی بەخۆوە دەبینێت و گۆڕانكاری سیاسی كاریگەریی لێكەوتووەتەوە".
وتیشی "لەسەرەتای رووداوەكانی سوریاوە سوربووین لەسەر ئەوەی عێراق لایەنگری هیچ لایەن و گروپێك نەكات و، بژاردە بۆ خەڵكی سوریا خۆیان بەجێبهێڵین بڕیار لەسەر چارەنوسی خۆیان بدەن".
ناوبراو مەترسیەکە بۆسەر عێراق ئاشکرا دەکات و دەڵێت "كەسانێك هەوڵیاندا گۆڕانكاریی لە سوریا ببەستنەوە بە قسەكردن لەسەر گۆڕینی سیستەمی سیاسییەوە لە عێراق، ئەمەش بابەتێكە كە بواری گفتوگۆی تێدا نییە".
سودانی ئاماژەی بەوەشدا "سیستەمێكی فرەیی دیموكراتمان هەیە كە هەمووان لەخۆدەگرێت و زامنی ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵاتە و رێگە بە چاكسازیی و راستكردنەوەی كەموكورتییەكان دەدات لەژێر چەتری دەستور و یاسادا.
سەرۆک وەزیران هەڕەشە دەکات و باس لەوە دەکات کە هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە گۆڕانكاریی و چاكسازیی لە هیچ دۆسیەیەكدا بەسەریاندا بسەپێنێت، ئابووری بێت یاخود ئەمنیی، "ئەمە لەگەڵ ئەوەدا كە دان دەنێین بەبوونی پێویستیی بە پرۆسەی چاكسازیی لە سەرجەم جومگەكاندا".
ئەوەشێ خستە روو "دەبێت پێداچوونەوە بە دەستكەوتەكانماندا بكەین، بەوانەشدا كە تێیدا دواكەوتووین، دەستكەوتەكان گەورەتر و زۆرترن، چونكە سیستەمێكی سیاسیمان بنیادناوە كە پشتبەستە بە دەستورێك كە نوێنەرایەتیی هەموو عێراقییەكان دەكات".
هەروەک سودانی دەڵێت "ئاستی جێبەجێكردنی بەرنامەكانی حكومەت گەیشتوەتە زیاتر لە 60%، چاكسازیمان لە پەیكەریی ئیداری و ئابووریدا كردووە.
بەوتەی محمەد شیاع سودانی "زۆر كاری گرنگمان تەواوكردووە لەوانە سازدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان، سەرژمێریی دانیشتوان، رێكخستنی پەیوەندیی لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی، چوارچێوەدانان بۆ پەیوەندییەكی نوێ لەگەڵ نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان".
راشیگەیاند "حكومەتەكەمان بەردەوامە لە چاكسازیكردن لە دامەزراوە ئەمنییەكان، ئەمەش لەرێگەی لیژنەیەكەوە كە بە سەرۆكایەتیی ئێمە دروستكراوە و نەخشەرێگایەكی داناوە بۆ بەدیهێنانی ئەو چاكسازییانەی كە چاكسازییەكانی تر لەبواری ئابووری و ئیداریدا تەواو دەكات".
"حكومەتەكەمان كاریكردووە بۆ دووبارە بنیادنانەوەی پەیوەندی عێراق لەگەڵ وڵاتان، لەسەر بنەمای "دیپلۆماسیەتی بەرهەمدار"و دەستپێكردنی شەراكەتی ئابووریی و گەشەپێدان كە عێراق دەكات بە خاڵی بەیەكگەیشتنی بەرژەوەندییەكان نەك مۆڵگەیەك بۆ ململانێی و بەریەككەوتن". سەرۆک وەزیران وای وت
وتیشی "لەماوەی مانگەكانی رابردوودا كارمان كردووە بۆ دورخستنەوەی عێراق لەوەی ببێت بە گۆڕەپانی جەنگ".