نوری مالکی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی هەڕەشە مەترسیدار دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هەڕەشەی توند لە ئەمریکا دەکات کە بڕیاریداوە حەشدی شەعبی هەڵبوەشێنێتەوە و رایدەگەیەنێت، لە هیچ لایەكی قبوڵناكەن باس لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات.
نوری مالكی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ كەناڵی عێراقییەی نیمچە فەرمی هەڕەشەی توند دەکات لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و دەڵێت "لە هیچ لایەكی قبوڵناكەین باس لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات".
مالکی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی لە سوریا رویدا كتوپڕ نەبوو، بەڵكو پێشینەی هەبوو. وتیشی "دوای روخانی ئەسەد، قەوارەی زایۆنی بەرەو نزیكی دیمەشق رۆیشتووە و لوبنانیش گەمارۆ دەدرێت، هەروەها دۆزی فەڵەستیتن لاواز دەبێت و دوای كەوتنی ئەسەد ئوردون هەڕەشەی دەكەوێتە سەر، توركیا هەژمونی فروانتر دەكات و رەشەبای هەڕەشە دەگاتە میسرو ئیمارات و سعودیە".
سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە دیدارەکەیدا ئەوەشی ئاشکراکردووە "هەوڵی پارچەكردنی سوریا نادەین و دەستوەردان ناكەین لەكاروباری، حزبی بەعسی قەدەغەكراو لێزانە لەنانەوەی ئاشوب و پیلانگێڕی، پێویستە لەلایەن كۆمەڵگە و دەزگا ئەمنیەكانەوە راوەدو بنرێن".
نوری مالکی داوای ئاشتەوایی لە هەموان دەکات و پاشان رایدەگەیەنێت "ئێمە و رەوتی سەدر لەیەك قوتابخانەین و پێویستە پێكەوە هەنگاو بەرەو پرۆسەی بونیادنانی دەوڵەت بنێین، بەشداری رەوتی سەدر پێویستە بۆ پرۆسەی سیاسی و هیچ هێلێكی سورمان نییە لە هاوپەیمانێتیكردن، هەروەها هیچ هاوپەیمانێتیەك بوونی نییە و چوارچێوەی هامەهەنگیش تائێستا رێككەوتنی نەكردووە بۆ بەشداریكردن بە یەك لیست لە هەڵبژاردنی داهاتوودا".
پەیوەست بە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبیش ناوبراو وتی "لە هیچ لایەنێكی قبوڵناكەین باس لە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بكات، بەتایبەت كە دامەزراوەیەكی فەرمییە پەیوەستە بە فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان و پێویست بە هیچ هەستیارییەك ناكات و پێویستە میكانێزمێك بدۆزرێتەوە بۆ رێكخستنی چەك و تەنها لەژێر دەستی ئیدارەی دەوڵەتدابێت".
|