عێڕاق

گەورەترین كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانی عێراق گەیشتنە ناو خاكی سوریا

نها نیوز – هەواڵەکان

كاروانێكی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەرێگەی دەروازەی (وەلید)ەوە، لە عێراقەوە گەیشتە ناو خاكی سوریا. بەپێی قسەی سەرچاوەكان لەدوای كەوتنی رژێمەكەی بەشار ئەسەدەوە ئەمە "گەورەترین" كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانییە كە چووبێتە ناو سوریاوە.

سەرچاوە عێراقییەکان رایانگەیاند "گەیشتنی كاروانەكەی هاوپەیمانی هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی رووبەڕووبونەوەی سەربازییەكانی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (بە رێبەرایەتیی كورد) كە هاوپەیمانی ئەمریكایە لەگەڵ گروچە چەكدارەكانی سەربە توركیا لە ناوچەكانی باكورو خۆرهەڵاتی سوریا".

هەروەها زانیارییەكان ئەوەشی ئاشکراکردووە، كاروانەكەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی لە 60 بارهەڵگر پێكهاتووە كە چەك و تەقەمەنیی و كەلوپەلی لۆجستی هەڵگرتووەو بەرەو بنكەكانی هاوپەیمانیی لە پارێزگاكانی حەسەكەو دێرزور رۆیشتووە.

هاوکات لەدوای كەوتنی ئەسەدەوە، ئەمە شەشەم كاروانی هێزەكانی هاوپەیمانانە كە دەچێتە ناو سوریاوە، هەر شەش كاروانەكە بە تێكڕا 210 بارهەڵگری لەخۆگرتووە.

جوڵە سەربازییەكەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی لەناو سوریا هاوكاتە لەگەڵ جموجوڵی بەرفراوانی زرێپۆش و سەربازانی ئەمریكا لە ناوچەكانی دێرزور و رەققە و كۆبانێی رۆژئاوای كوردستان.

رووداوەکانی ئەم دواییە لەکاتێکدایە، هەفتەی رابردوو وەفدی ئەمریكا لە دیمەشق چاوی بە ئەحمەد شەرع سەرۆكی ئیدارەی نوێی سوریا كەوت، هەرچەندە لە لیستی تیرۆردا دایناوە، بەڵام واشنتۆن چەندجارێك هۆشداری بە دەسەڵاتدارانی نوێی دیمەشق داوە لەبارەی ئەگەری قۆستنەوەی گۆڕانكارییەكانی سوریا لەلایەن رێكخراوی داعشەوە بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆرستیی.

هاوكات واشنتۆن، بە نەرمی پەیامی بە توركیاش داوە هێرشنەكاتە سەر هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، بەڵام ئەنكەرە جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كورد لە سوریا هیچ بژاردەیەكی تری لەبەردەمدا نییە جگەلەوەی دەبێت چەك دابنێت.
 
2024-12-30
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.