لەناوبردنی 4 تۆن مادەی هۆشبەر لە ماوەی ساڵی 2024 لە عێراق
نها نیوز – هەواڵەکان
سەرۆکی لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان، لەناوبردنی نزیکەی (4) تۆن مادەی هۆشبەری ڕاگەیاندووە، کە لە ماوەی ساڵی 2024 لەلایەن بەشی پزیشکی دادوەرییەوە دەستی بەسەردا گیراوە و هەڵگیراوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، دادوەر سوهەیب دەهام، سەرۆکی لیژنەی لەناوبردنی ماددە هۆشبەرەکان و ماددە دەروونییەکان، ڕایگەیاندووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و بەشی پزیشکی دادوەری، نزیکەی (4) تۆن مادەی هۆشبەر لەناوبراون، کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لە پزیشکی دادوەری هەڵگیرابوون بەشی پزیشکی پارێزگای بەغدا، هەروەها پارێزگاکانی نەجەف و بەسرە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ئۆپەراسیۆنەکەدا لەناوبردنی زیاتر لە 3 ملیۆن حەبی مادەی هۆشبەر، 654 بوتڵ کۆدیین، 985 ئەمپوڵ ترامادۆڵ، هەروەها زیاتر لە 136 نێرگەلەی ئەلیکترۆنی کە حەشیشیان تێدا بووە، جگە لە دوو هەزار و 305 مادەی هۆشبەری دیکە کە بۆ بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان بەکارهێنراون.
|