دوای زیاتر لە ساڵێک ناکۆکی مالیکی پێشوازی لە سودانی دەکات
نها نیوز – هەواڵەکان
ئەمڕۆ دووشەممە، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا پێشوازی لە محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی کەسیە لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا، و دوای دزەپێکردنی هەواڵی هەبوونی ناکۆکی سیاسی نێوان هەردوولا.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ئەمڕۆ لە ئۆفیسەکەی خۆی لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ماوەی کۆبوونەوەکەدا، بارودۆخی گشتی وڵات تاوتوێ کراوە، لەگەڵ ئەو پێشهاتانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و کاردانەوەکانیان لەسەر عێراق.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، هەردوولا جەختیان لە "پێویستی پاراستنی وڵات لە دەرئەنجامەکانی ململانێکانی ناوچەیی بە بەهێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگی هاوبەش و یەکخستنی هەوڵەکان لەگەڵ هەموو هێزە نیشتمانییەکان بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا" کردووەتەوە.
دوایین دیداری نێوان هەردوولا کاتێک بوو، مالیکی لە مانگی ئابی 2023 سەردانی سودانی کرد، بەمەش ئەم دیدارە تایبەتە یەکەم دیدارە لەماوەی زیاتر لە ساڵێکدا، لەکاتێکدا گۆڕەپانی سیاسی لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا شاهیدی کۆبوونەوەی سیاسی دووقۆڵی بوون دوای گرژییەکانی ناوچەکە.
|