هەڵوێستی عێراق لەسەر بڕیاری لەسێدارەدانی جۆلانی
نها نیوز – هەواڵەکان
دەسەڵاتی دادوەری عێراق پێشتر سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەحمەد شەرع، دەرکردبوو کە نازناوی جۆلانی هەیە بە تۆمەتی "تیرۆر و کوشتنی عێراقییەکان"، کاتێک بەشێک بوو لە داعش پێش جیابوونەوە لە ئەبوبەکر بەغدادی و پێکهێنانی بەرەی نوسرە لە سووریا کە دواتر بوو بە دەستەی تەحریر شام.
عەلی تەمیمی، شارەزای یاسایی ڕایگەیاندووە، "ئەو سزایەی کە بە غیابی لەلایەن دەزگای دادوەری عێراقەوە بۆ جۆلانی دەرچووە، لەڕووی یاساییەوە دروستە، هەروەها پەیوەستە بە ڕێکارە یاساییە تایبەتەکانەوە، یەکەمیان ئەوەیە کە تۆمەتبار دەبێت ئامادەبێت و دادگاییکردنەکە دەبێت دووبارە بکرێتەوە لەگەڵ ئامادەبوونی ئەو لە ماوەی دیاریکراوی 6 مانگدا، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە لە نەبوونی ئەو لە ماوەی دیاریکراودا یاسای غیابی دەگۆڕێت بۆ یاسایەکی ڕاستەوخۆ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سزای لەسێدارەدان هەر بە کاریگەرییەوە دەمێنێتەوە و تەنها لەلایەن دەسەڵاتی دادوەری یان دادگاوە هەڵدەوەشێتەوە.
دەشڵێت، "ئەم بڕیارە لە ئێستادا هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینەی نییە، چونکە عێراق تێوەگلاوە لەگەڵ سیاسەتی تەواوی وڵات، و نەک تەنها لەگەڵ تاکەکانی سەر بە ڕێکخراوە چەکدارەکان".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەمریکا ئەبو محەمەد جۆلانی وەک تیرۆریست پۆلێن کرد و پاداشتی 10 ملیۆن دۆلاری پێشکەش کرد بۆ هەر زانیارییەک کە دەبێتە هۆی دەستگیرکردنی، بەڵام لە ڕێگەی شاندێکی فەرمییەوە پەیوەندی پێوەکرد و هەڵوەشاندنەوەی خەڵاتی دەستگیرکردنی ڕاگەیاند و ئێستا ناسراوە بە ناوی ڕاستەقینەی خۆی ئەحمەد شەرع.
|