نها نیوز – هەواڵەکان
لەگەڵ ئەوەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دواین چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیدا، رەتیكردووە هیچ جۆرە فشارێك هەبێت لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشانەوەی حەشدی شەعبی و چەككردنی میلیشیا شیعییەكانی هاوپەیمانەكانی ئێران، چاودێرانی سیاسی و زۆرێك لە میدیاكانی عێراق جەخت لە دروستی ئەو زانیارییانە و بوونی فشارێكی توندی ئەمریكا دەكەن بۆ كۆتایهێنان بە هەژموونی میلیشیا شیعیەكان، كە حەشدی شەعبیان كردووەتە چەتر بۆ جموجۆڵە سەربازی و سیاسی و تەنانەت بازرگانیەكانیشیان لە عێراق و ناوچەكە.
رۆژنامەنوس "حوسام ئەلحاج" لەوبارەیەوە ئاشکرای دەکات "فشارەكانی ئەمریكا لەسەر عێراق بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی و چەككردنی گروپە چەكدارەكان، فشاری جدین و سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگیش رازیبون بە داواكە و خۆگونجاندن لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە، بەڵام بەو شێوازە نا كە ئەمریكا دەیەوێت".
ئەلحاج ئاماژە بەوەش دەکات "ئەوەی رویداوە كە هیچ گومانێك هەڵناگرێت ئەوەیە، واشنتۆن داواكارییەكی چەند خاڵی ئاڕاستەی عێراق كردووە كە ئەمانەن:
یەكەم: گرتنەبەری رێوشوێنی بەپەلە و یەكلاكەرەوە بەجۆرێك كە هیچ پێچ و پەنایەكی تیادانەبێت، بۆ هەڵوەشانەوەی گروپە چەكدارەكان و چەككردنیان و نەهێشتنی بارەگاكانیان و، كۆتایهێنان بەبوونی جیۆسیاسی و سەربازییان.
دووەم: هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی بەشێوەیەكی تەواوەتی و تێكەڵكردنی چەكدارەكانی بە یەكە سەربازییەكانی وەزارەتی بەرگری.
سێیەم: گرتنەبەری هەنگاوی خێراو بەپەلە بۆ چارەسەركردنی كۆگاكانی چەك و كارخانەكانی دروستكردنی موشەك و فرۆكەی بێفرۆكەوان، دەوترێت ئەمریكییەكان وێنەی ئاسمانی و زانیاری وردیان لەبارەی ئەو كۆگایانە و شوێنەكانیان لەسەر خاكی عێراق رادەستی حكومەت كردووە.
وێڕای مەرجی ئابوری و سیاسیەكانی تر كە واشنتۆن داویەتی بە حكومەتی عێراق. لای خۆیەوە عێراق دوای تاتوێكردنی مەرجەكانی ئەمریكا، رەزامەندی سەرەتایی دەربڕیوە بۆ هەڵوەشاندنەوەیان، بەڵام پێیوایە میكانیزمی جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە نادروستن، عێراق لە وەڵامەكەیدا بۆ ئەمریكا داوایكردووە:
یەكەم: حەشدی شەعبی بەمشێوەیەی ئێستای بمێنێتەوە، لە دەستەیەكی سەربەخۆوە بكرێت بە بەڕێوەبەرایەتیەك لە وەزارەتی بەرگری.
دووەم: گروپە چەكدارەكان بەكرداری هەڵدەوەشێنرێنەوە.
سێیەم: ئەو حزبانەی باڵی چەكداریان هەیە، چەكدارەكانیان هەڵدەوەشێنرێنەوە، بەڵام ئازاد دەبن لە كاری سیاسی و رێگەیان لێناگیرێت.
چوارەم: عێراق ئاماژەی بەوەكردووە، پێویستی بە ساڵێكی تەواو هەیە بۆ جێبەجێكردنی ئەو هەنگاوانە، شانبەشانی كشانەوەی سوپای ئەمریكا، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان بەغدا و واشنتۆن كراوە.
دواین داواكاری عێراقیش ئەوە بووە، عێراق بە هیچ جۆرێك نەكرێتە ئامانج لەلایەن هیچ لایەنێكەوە لەو ماوەیەدا.
لەلایەکی دیکەشەوە پەیامەكەی عێراق بەوشێوەیە گەیەندراوە بە ئەمریكا، سعودیە و ئوردنیش پشتیوانیان كردووە، سەردانەكەی ئەم دواییەی سودانی بۆ ئەو دوو وڵاتە لەوپێناوەدا بووە.
وەڵامەكەی ئەمریكا زۆر بەخێرایی هاتووەتەوە، تەواوی داواكانی عێراقی رەتكردووەتەوە و جەختی لە جێبەجێكردنی تەواوی مەرجەكانی كردووەتەوە، لەگەڵ پێنەدانی هیچ گەرەنتیەك بە عێراق بەوەی نەكرێتە ئامانجی هێرشی سەربازی.
دەوترێت ئەمریكییەكان رۆژی (30) نیسانی ساڵی داهاتووی وەك دوا وادە بۆ عێراق دیاریكردووە بۆ جێبەجێكردنی ئەو مەرجانە، بەپێچەوانەوە عێراق دەخرێتە ریزی ئەو وڵاتانەی كە زیان بە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و بەرژەوەندی هاوبەشەكانی دەگەیەنێت لە ناوچەكە.