ژمارەیەک پۆلیس بەتۆمەتی پشێوی و ئاڵۆزی دەدرێنە دادگە
نها نیوز – هەواڵەکان
دوای ئەوەی لە نێو فەوجێکی سەربازیی پارێزگای ئەنبار ئاڵۆزیی دروستبوو و تەقەکرا، وەزارەتى ناوخۆى عێراق لیژنەى لێکۆڵێنەوە لەسەر ژمارەیەک پۆلیسی فیدراڵى لە ئەنبار پێکدەھێنێت.
ئەمڕۆ هەینی، 13ـی کانوونی یەکەمی، 2024، گرتە ڤیدیۆیەک بڵاوبووە ئاڵۆزی و شەر دروستبووە لەنێو فەوجێکی سەربازیی کە لە رابردوودا پاسەوانی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق بوون ئاڵۆزیی دروستبووە و تەقەکراوە.
بەپێی زانیارییەکان هۆکاری ئەو کێشەیەش دەگەڕێتەوە بۆ رازینەبوونی ئەو فەوجە سەربازییە کە بڕیاربووە لە دوای تەواوبوونی مەشق و راهێنانەکانیان رەوانەی ناوچەیەکی دەرەوەی بەغدا بکرێن.
هاوکات، وەزیری ناوخۆی عێراق، عەبدولئەمیر شمەرى، فەرمانیداوە بەوەى رێوشوێنى یاسایی لە دژى ئەو پۆلیسانە بیگرێتەبەر و لیژنەى لێکۆڵینەوەیان لەسەر پێکبهێندرێت.
رووداوەکە لە قەزاى گەرمە لە ئەنبار روویداوە و ئەو هێزەش کە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت سەر بە فەوجى شەشى لیواى ئەرکى تایبەتى پۆلیسی فیدراڵین.
وەزارەتى ناوخۆ ڕایگەیاندووە، ئەو کارمەندانە ئاژاوە و کارى تێکدەرانەیان کردووە، بڕیاردرا ببرێنە دادگەى تایبەت تاوەکو سزا وەربگرن لە بەرامبەر پێشێلکردنى رێکارە کارپێکراوەکان.
|