عێڕاق

عێراق و ئەمریكا داوا لە هاوڵاتیانیان دەكەن سوریا بەجێبهێڵن

نها نیوز - هەواڵەکان

باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بانگەوازێكیان ئاراستەی ئەو هاوڵاتییە  ئەمریكی و عێراقییانەكرد، كە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.

باڵیۆزخانەی عێراق لە دیمەشق لەمیانی راگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەکات "سەرجەم ئەو عێراقییانەی دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ وڵاتەكەیان، پەیوەندی بە باڵیۆزخانەوە بكەن بە مەبەستی تۆماركردنی ناوەكانیان.

هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش بۆ ئەو مەبەستە بەیاننامەیەكی بڵاوكردووەتەوە و تیایدا داوای لە هاوڵاتییانی وڵاتەكەی كردووە دەستبەجێ سوریا بەجێبهێڵن، چونکە پەرەسەندنی توندی پێكدادانی چەكداری لە سەرتاسەری وڵاتەكە هەیە، ئەمەش وایكردووە دۆخی ئەمنی ناسەقامگیر و پێشبینینەكراو بێت".

ئەمریکا ئاماژە بەوەش دەکات "ئەو هاوڵاتییانەی مانەوە هەڵدەبژێرن یان ناتوانن بچنە دەرەوە، پێویستە پلانی فریاگوزاری ئامادەبكەن بۆ رووبەڕوبونەوەی بارودۆخە سەختەكان و ئامادەبن بۆ ماوەی درێژخایەن لە شوێنی خۆیاندا بمێننەوە ئەگەر پێویست بكات.

ئەمەش لەكاتێكدایە گرژی و ئاڵۆزییەكان لە سوریا پەرەیان سەندووە و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی 72 کاتژمێری داهاتوودا گۆرانكاریی زیاتر لە ناوچەكە رووبدات.
2024-12-07
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.