نها نیوز دەقی بەیاننامەی هاوبەشی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئێران و سوریا بڵاودەکاتەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
نها نیوز دەقی بەیاننامەی هاوبەشی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق، ئێران و سوریا بڵاودەکاتەوە، کە لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بەغدای پایتەخت بەڕێوەچوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، "وەزیرانی دەرەوەی کۆماری عێراق، سووریا و کۆماری ئیسلامی ئێران لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە بەغدا کۆبوونەتەوە و پێشهاتە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی سووریا تاو و توێکران".
ئاماژه بەوه شدراوە "وەزیرەکان بۆچوونیان هاوبەش بووە و تیشکیان خستووەتە سەر جددیەتی ڕووداوەکانی سوریا و هەستیارییان بەرامبەر بە هەموو لایەنەکانی ناوچەکە و ئەگەرەکانی فراوانکردنی ڕەهەندەکانیان، کە ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ هەر سێ وڵاتەکە نیشان دەدات و هەڕەشە لە ئاسایش و تەواوی ناوچەکە و گەلەکانیان دەکات".
بەگوێرەی بەیاننامەکە، بەشداربووان رێکخراوە تیرۆرییەکانیان بە هەموو شێوە و دەرکەوتەکانیەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشەوە پۆلێنکراون، ئیدانە کرد و جەختیان لە کردەوەی بەکۆمەڵ کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی. هەروەها هێرشە بەردەوامەکانی ئیسرائیلیان بۆ سەر سوریا، غەززە و لوبنان ئیدانە کردووە".
لە درێژەی بەیاننامەکەدا هاتووە، "ڕێککەوتن لەسەر پێویستی بەردەوامی ڕاوێژ و هەماهەنگی نێوان هەر سێ وڵات بۆ بەدواداچوون بۆ ئەو پێشهاتانە و خۆئامادەکردن بۆ هەر پێشهاتێک لە ڕۆژانی داهاتوودا کراوە، هەروەها جەختکردنەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەری و سەربەخۆیی و یەکگرتوویی و یەکپارچەیی خاکی سوریا".
وەزیرەکان جەختیان لەوە کردەوە کە "مەترسی لەسەر ئاسایشی سوریا مەترسییەکی گشتی بۆ سەر سەقامگیری تەواوی ناوچەکە پێکدەهێنێت، جگە لە هەماهەنگی و هاوکاری و بەردەوامی ڕاوێژکاری دیپلۆماسی هیچ بژاردەیەک لە ئارادا نییە بۆ نەهێشتنی هەموو مەترسییەکانی پەرەسەندن لە ناوچەکەدا".
لە کۆتایدا جەختیان لە "پێویستی کۆکردنەوەی هەموو هەوڵە عەرەبی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە چارەسەری ئاشتیانە بۆ ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە بە گشتی و سووریا بە تایبەتی دەبێتەوە".
|