عێراق ئامادەیی خۆی بۆ هەر بارودۆخێکی نائاسایی دەربڕی
نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایدەگەیەنێت، سنوورەکانی عێراق بەتەواوی پارێزراون، هەروەها پێویستیان بە هاوکاری لە دەرەوە نییە. فەرماندەی هێزەكانی سنوریش دەڵێت "هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە كە هیچ ترسێک لەسەر سنورەکانمان نیە و ئامادەین بۆ هەر بارودۆخێکی نائاسایی".
میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند "سنوری عێراق لە دیوی سوریاوە بە تەواوی لە ڕێگەی دوو فیرقە لە فەرماندەیی هێزە سنورییەکانەوە پارێزراوە، ئەمە جگە لە پاڵپشتی سوپا و هێزەکانی کۆکردنەوەی جەماوەری، هەروەها وەزارتی ناوخۆی چەند یەكەیەكی لە بەشەكانی وەڵامدانەوەی خێرا و پۆلسی فیدڕاڵی بۆ ئەو ناوچانە ناردووە".
ئاماژەی بەوەشکرد "سێ هەزار و 813 کیلۆمەتر سنوری عێراق پارێزراوە و سنورەکان لەگەڵ سوریا لە باقی سنورەکانی وڵاتانی دراوسێ پارێزراوترە، هەربۆیە بەهیچ شێوەیەك ناتواندرێت ئەو سنورانە ببڕدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەو ئامادەكاریانەی كە كراون".
لای خۆیەوە لیوا محەمەد عەبدولوەهاب، فەرماندەی هێزەكانی سنور دەڵێت "هیچ ترسێک لەسەر سنورەکانمان لەگەڵ سوریادا نییە و هەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە کە سنورەکانی عێراق پارێزراون".
دەشڵێت "پاڵپشتییەکی زۆر لەلایەن فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە و ڕێوشوێنی باش بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنورەکان گیراونەتەبەر، ئێمەش ئامادەین بۆ هەر بارودۆخێکی نائاسایی یان ڕووداوێکی نائاسایی".
|