عێڕاق

حکومەتی عێراق لە بڕیاری بڕینی 1%ى مووچەی فەرمانبەران پاشگەزبووەوە

نها نیوز - هەواڵەکان
رۆژنامەی شەرقولئەوسەت ئاشکرای دەکات، حکومەتى عێراق لە بڕیارى بڕینى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ هاوکاریکردنی غەززەو لوبنان پاشگەزبووەتەوە، هۆکارەکەشى بۆ ناڕەزایەتی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەتی عەرەبی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە "حکومەتى عێراق لە بڕیارى بڕینى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ هاوکاریکردنی غەززەو لوبنان پاشگەزبۆتەوە، هۆکارەکەشى بۆ ناڕەزایەتی فەرمانبەران دەگەڕێتەوە".

ڕۆژنامەکە دەڵێت "حکومەتی عێراق لەدوا کۆبوونەوەیدا بڕیارەکەی هەموارکردووەتەوە و ماوەی شەش مانگی دانابوو بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری دارایی بەشێوەیەکی خۆبەخشی".

بەوتەی ماجد شنگالی، پەرلەمانتاری عێراق کە بۆ رۆژنامەکە قسەیکردووە، ئەگەر حکومەت 1%ى مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان بۆ هاوکاریکردنی غەززە و لوبنان ببڕێت، ئەوا ساڵانە بڕەکەی دەگاتە 800 ملیار دینار، کە نزیکەی 600 ملیۆن دۆلار دەکات، ئەوەش بڕە پارەیەکی زۆرە.

بڕینى 1%ی مووچە بەگوێرەى بڕیارێکى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق بوو، کە لە 19ی تشرینى دووەمی 2024 دەریکردووە، ئامانج لێى، هاوکاریکردنی کەرتی غەززە و لوبنان بوو کە بەهۆى هێرشەکانى سوپاى ئیسرائیلەوە زیانیان پێگەیشتووە.
2024-11-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.