ئێران بەتەواوی هەناردەی غازی بۆ عێراق راگرت
نها نیوز - هەواڵەکان
وهزارهتى كارهباى عێراق رایدەگەیەنێت، كۆمارى ئیسلامى ئێران هەناردەی غازی بۆ عێراق بەتەواوی ڕاگرتووە، بەمەش بهرههمهێنانى كارهبای کەمکردووەتەوە.
ئەحمەد عەبادی، وتەبێژی وهزارهتى کارەبای عێراق ئاشكرایكرد "كۆمارى ئیسلامى ئێران هەناردەکردنی غازی بۆ عێراق بەتەواوی راگرتووە کە بۆ وێستگەکانی کارەبا لە بەغدا و ناوچەکانی ناوەڕاست و پارێزگاکانی فوراتی ناوەڕاست رەوانە دەکرد".
عهبادى لەبارەی هۆكارى راگرتنى غازهكهش دەڵێت "بەهۆی نۆژەنکردنەوە بۆریی گواستنەوەی غاز، بۆ ماوەی 15 رۆژ هەناردەکردنی غازەکەیان بۆ عێراق راگرتوە، بەهۆیەشهوە سیستمی کارەبای وڵات 5500 مێگاوات کارەبا کەمیکردووە".
وتەبێژی وهزارهتى کارەبای عێراق وتیشی "ئێستا بەهۆی کێشەکەوە، کارەبا کەمتر بەکاردەبرێت، بەهەمانشێوە بەشێک لە وێستگەکانیش لەژێر نۆژەنکردنەوەدان، بۆیە ئێستا بەرهەمهێنانی کارەبا لە عێراق لەخوار 15 هەزار مێگاوات کارەبایە".
|