نها نیوز – هەواڵەکان
رۆژنامەی "ئەلعەرەب جەدید" لەزاری چەند سەرچاوەیەکی سیاسی و پەرلەمانی عێراقەوە رایدەگەیەنێت، یاسای هەڵبژاردن هەموار دەكەنەوە و كاتی بەڕێوەچونی هەڵبژاردن دیاری دەكەن، هەروەها ئاماژە بەوەش دەکەن کە مالکی و حەلبوسی دەیانەوێت بە زووترین كات سودانی لە پۆستەكەی دووربخەنەوە.
رۆژنامەی "ئەلعەرەب جەدید"سەرچاوە سیاسی و پەرلەمانییەكانی عێراق دەدوێنێت و ئاشكرای دەکات "هەندێك لایەن لەناو هاوپەیمانی دەسەڵاتدار، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عێراقە، فشار دەكەن بۆ خێراكردنی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، لەبری كاتی بڕیار لێدراوی خۆی لە مانگی تشرینی یەكەمی (2025)، هاوشانی دەستپێكردنی جموجۆڵەكان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن.
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق کە ناوی ئاشکرا نەکراوە بە رۆژنامەکەی رایگەیاندووە "ئەو رێككەوتنەی لەنێوان مەحمود مەشهدانی، سەرۆكی نوێی پەرلەمانی عێراق و هێزە پشتیوانەكانی كراوە، كە دیارترینیان نوری مالكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبە تەقدومە، لەسەر بنەمای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بووە لە عێراق بە زووترین كات و، چاوەڕێنەكردن تا كۆتایی ساڵی داهاتوو".
لای خۆشیەوە پەرلەمانتارێكی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ئەویش ناوی ئاشکرا نەکراوە ئاماژەی بەوەداوە "نوری مالیكی پاڵنەری سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، لەگەڵ قوڵبوونەوەی ناكۆكییەكانی لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەماوەی رابردووشدا هەموو هەوڵەكانی نێوەندگیری رەتكردووەتەوە، بەهۆی سكانداڵی "تۆڕی سیخوڕی" كە فەرمانبەرانی نوسینگەكەی سودانی تێوەگلاون و گوێیان لە تەلەفونی بەرپرسان گرتووە، لەنێویاندا مالكی و ئەندامانی خێزانەكەی".
لەلایەکی دیکەشەوە پەیوەست بەو پرسەوە، سەرچاوەیەكی سیاسی تر بە رۆژنامەی "ئەلعەرەب جەدید"ی وتووە "مەحمود مەشهەدانی و هێزە پشتیوانەكانی لەناو پەرلەمان، لە دانیشتنەكانی داهاتوودا دۆسیەی هەمواری یاسای هەڵبژاردن دەكەنەوە، بۆ هەنگاونان بەرەو دیاریكردنی كاتی بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراق، كە لەلایەن هەندێك لایەنی ناو چوارچێوەی هەمانگییەوە پێش نیاز دەكرێت لەوانە، مالیكی، بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ناوەڕاستی (2025)".
ئەو سەرچاوە سیاسییە کە ناوی نەهێنراوە ئەوەشی خستووەتە روو "ئەم ئاڕاستەیە رووبەڕووی بەریككەوتن دەبێت بە هەندێك لایەنی تری ناو چوارچێوەی هەماهەنگی، كە پێیانوایە گرنگە رەچاوی دۆخی ناوچەكە و گۆڕانكارییەكان بكرێت، لەگەڵ پێویستی هێوركردنەوەی دۆخی سیاسی لە وڵات.