عێڕاق

ئیسرائیل ترسی خۆی بەرامبەر عێراق نیشاندا و وڵاتە زلهێزەکان ئاگاداردەکاتەوە

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی وتەی بەرپرسانی وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئیسرائیل فشاری خستووەتە ‌سه‌ر وڵاتانی جیهان تاوەکو سیسته‌می به‌رگریی و موشه‌كی پێشكه‌وتوو به‌ عێراق نه‌فرۆشن.

به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق ئاشكرای ده‌كه‌ن "له‌ چه‌ند هه‌فته‌ی رابردوودا، ئیسرائیل فشاری خستووەتە ‌سه‌ر وڵاتانی ئه‌وروپایی و ئاسیایی تاوه‌كو سیسته‌می به‌رگری و موشه‌كی پێشكه‌وتوو به‌ عێراق نه‌فرۆشن و تاوەکو عێراق نه‌بێته‌ خاوه‌نی ئه‌و چه‌كانه‌ی  بتوانێت ئاسمان و خاكی وڵاته‌كه‌ی له‌ هه‌ڕه‌شه‌ ده‌ره‌كییه‌كان پێ بپارێزێت".

موعین كازمی، له‌ چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "ئیسرائیل چه‌ند مانگێكه‌ فشار ده‌كات تاوه‌كو عێراق نه‌بێته‌ خاوه‌نی چه‌كی پێشكه‌وتووی به‌رگریی ئاسمانی و ئه‌مه‌ریكاش له‌ پشته‌وه‌ هانی ئیسرائیل ده‌دات، بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام ئاسمانی عێراق به‌كراوه‌یی بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام عێراق كۆڵی نه‌داوه‌ و ده‌یه‌وێ سیسته‌مه‌كه‌ له‌ كۆریای باشور بكڕێت".

سەبارەت بە سیسته‌مه‌كه‌ی كۆریای باشوریش، موهه‌ند غالب ئه‌سه‌دی، فه‌رمانده‌ی گشتیی به‌رگریی ئاسمانی عێراق دەڵێت‌ "عێراق بۆ پاراستنی ئاسمانه‌كه‌ی سیسته‌می مووشه‌كی كورتمه‌ودای (ئێم سام) له‌ كۆریای باشوور ده‌كڕێت، به‌ڵام سیسته‌مه‌كه‌ زۆر پێشكه‌وتوو نییه‌، هه‌روه‌ها لەڕووی بەکارهێنانەوە پێویستی به‌ شه‌ش مانگ راهێنان هه‌یه‌".

عێراق بۆ ئەو مەبەستە و بۆ دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كان، رێوشوێنه‌كانی توندوتۆڵ ده‌كات، له‌ بودجه‌ی ئه‌م ساڵیشدا زیاتر له‌ دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری بۆ كڕینی چه‌ك و سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی ته‌رخان كردووه‌.

هاوکات عێراق، له‌ شوباتی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ فه‌ره‌نسا گفتوگۆی له‌باره‌ی كڕینی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانیی پێشكه‌وتوو و رادار کردووە، به‌ڵام به‌هۆی فشاره‌كانی ئیسرائیله‌وه‌، نه‌گه‌یشتنه‌ هیچ ئه‌نجامێك.

جێی ئاماژەشە، به‌رپرسانی عێراقيش نەیانشاردە‌وه‌، بەهۆی سزاكانی رۆژئاوا بەسەر روسیا، عێراق رووی لە شەش وڵاتی ئەوروپایی و ئاسیایی کردووە، بۆ بەدەست هێنانی سیسته‌می به‌رگریی ئاسمانی وڵاته‌كه‌ی.

2024-10-28
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.