عێڕاق

حکومەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشی ئیسرائیل بۆسەر ئێران دەکات

نها نیوز – هەواڵەکان
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایدەگەیەنێت "ئیسرائیل درێژە بە سیاسەتی شەڕەنگێزانە و فراوانکردنی ململانێی ناوچەکە و شێوازی هێرشی ئاشکرای خۆی دەدات، ئەمجارەش دەستدرێژیی کردە سەر کۆماری ئیسلامی ئێران".

ئەمڕۆ شەممە، باسم عەوادی، وتەبێژی حکومەتی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "عێراق پێشتر هۆشداری دابوو سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانی دەرئەنجامی بێدەنگیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەبارەت بە هەڵسوکەوتی دڕندانەی ئیسرائیل بەرامبەر گەلەکەمان لە فەڵەستین و هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان و سووریا و ئێران".

دەشڵێت "عێراق بە توندترین شێوە ئەم دەستدرێژییەی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئیدانە دەکات، هاودەنگی و وەستانی خۆی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات دەکاتەوە. هەروەها داوای ئاگربەست لە غەززە و لوبنان دەکات. پشتیوانیی هەنگاوی هەمەلایەنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریی سەقامگیری لە ناوچەکەدا دەکەین".

ئەمە لەکاتێکدایە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، سوپای ئیسرائیل بە زیاتر لە 100 فڕۆکە و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان هێرشیکردە سەر ئێران، ئەمەش وەک تۆڵەکردنەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ئێران بوو کە بە مووشەکی بالیستیک لە 1ـی ئۆکتۆبەردا هێرشی کردە سەر ئیسرائیل.
 
2024-10-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.