عێڕاق

دوو کاروانی ئاوارە لوبنانییەکان گەیشتنە عێراق

نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، پێشوازییان لە دوو كاروانی ئاوارەی لوبنانی کردووە، کە بەهۆی بارودۆخی وڵاتەکەیانەوە روویان لە عێراق کردووە.

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت، تیمەکانیان لە دەروازەی قائیمی نێودەوڵەتی، پێشوازییان لە 404 هاوڵاتی لوبنانی کردووە، کە بەهۆی جەنگ و هێرشی ئیسرائیلەوە وڵاتی خۆیان جێهێشتووە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە "لە نێو ئاوارەکاندا برینداریان تێدابووە و بەمەبەستی چارەسەرکردنیان، رەوانەی نەخۆشخانە کراون".

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت، ئاسانکاریی تەواویان بۆ ئاوارەکان کردووە و پێداویستییە سەرەکییەکانیان بۆ دابینکراوە.

لەدوای دەستپێکردنی شەڕی ئیسرائیل و حزبوڵای لوبنانەوە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا پێشوازی لەو هاوڵاتییە لوبنانیانە بکات، کە بەهۆی دۆخی وڵاتەکەیانەوە روو لە عێراق دەکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد، ئاسانکاریی تەواویان بۆ بکەن.
 
2024-10-04
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.