عێڕاق

سودانی لەتۆڕێکی سیخوڕی دەگلێت و ئێرانیش داوا دەکات فشارەکان لەسەری کەمبکرێتەوە

نها نیوز – هەواڵەکان

فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران داوای لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کردووە فشارەکانی سەر سودانی لەبارەی تۆڕە سیخوڕییەکەوە کەمبکەنەوە.

دوای ئەوەی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق و ژمارەیەک لە سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لەلایەن تۆڕێکی سیخوڕی لەلایەن نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی بەغدا کراونەتە ئامانج و گوێ لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانیان گیراوە. تۆڕەکە هەفتەی رابردوو لەناو نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئاشکرابوون.

لەوبارەیەوە ئاژانسی "رۆیتەرز" بەپشتبەستن بە حەوت سەرچاوەی جیاوازی عێراقی ئاشکرایکردووە، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێران لە سەردانەکەی بۆ بەغدا لە هەفتەی رابردوودا، لەگەڵ سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبووەتەوە و داوای لێکردوون فشارەکانی سەر سودانی لەبارەی تۆڕە سیخوڕییەکە کەمبکەنەوە.

داواکەی قائانیش لەپێناو سەقامگیریی عێراق بووە و ناوچەکە گرژییەکی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە.

جێی ئاماژەیە، دەزگای هەواڵگریی عێراق تائێستا حەوت تۆمەتباری دەستگیرکردووە، لەنێو دەستگیرکراوەکان کارمەندی نوسینگەی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ئەفسەری دەزگای هەواڵگریی عێراقی تێدایە. یەکێک لە دیارترین دەستگیرکراوەکان "محەمەد جوحی"، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی کارگێڕییە لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران و بەرپرسی پەیوەندییەکان بووە.
 
هاوکات لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە، تۆڕەکە لە کۆتایی ساڵی رابردوو دەستی بە کارکردن کردووە، تۆڕەکە گوێیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ژمارەیەکی زۆر لە سەرکردەی سیاسی و بەرپرسە ئەمنییە پلە باڵاکان گرتووە. تۆڕەکە لەڕێگەی سوپایەکی ئەلیکترۆنییەوە هەواڵی ساختەیان لەسەر ئەو کەسانە بڵاوکردووەتەوە.
 
2024-09-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.