عێڕاق

ئەرکی هاوپەیمانان لە عێراق دەگۆڕدرێت

نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایدەگەیەنێت، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بدرێت. دەشڵێت، ئەرکی هاوپەیمانییەکە لە سەربازییەوە بۆ "هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵی" دەگۆڕدرێت.

وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق بەردەوام دەبێت، "بەڵام سەرنجەکەی لە سەربازییەوە بۆ هاوبەشییەکی ئەمنیی دووقۆڵی دەگۆڕدرێت".

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی پێنتاگۆن، ئەم گۆڕانکارییە لەسەر بنەمای ئەوە دێت کە داعش هیچ خاکێکی لە عێراق بەدەستەوە نەماوە و ئاسایشی وڵاتەکە باشتر بووە. بەڵام پێنتاگۆن ئەوەشی نەشاردووەتەوە کە "هەڕەشەی داعش هێشتا ماوە".

بەپێی سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو بە فەرمی ئەو بڕیارە رابگەیەندرێت و قسەی کۆتایی بکرێت.

ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ساڵی 2014 لە عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش دەستیپێکرد. لەئێستادا نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.
 
2024-09-21
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.