گەیشت.. فراکسیۆنێک بایکۆتی دانیشتنەکانی پەرلەمانی کرد
نها نیوز – هەواڵەکان
فراکسیۆنى ئێزدییەکان لە ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق، بەهۆى بوونى یاساى لێبوردنى گشتیی لە کارنامەى ئەمڕۆى دانیشتنى ئەنجوومەنى نوێنەران، بایکۆتى دانیشتنەکەى کرد و داوایکرد بەبێ جیاوازى یاسا بەسەر هەموواندا جێبەجێبکرێت.
نایف خەڵەف سەیدۆ، سەرۆکی فراکسیۆنى ئێزدییەکان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەى بەوەکردووە، پرۆژەیاساى هەموارى دووەمى یاساى لێبوردنى گشتی، خزمەت بە رۆڵەکانى گەلى عێراق ناکات و دەرفەتى دەربازبوون لە هەندێک سزا دەدات کە گروپە چەکدارەکان ئەنجامیانداون بە تایبەت ئەوەى بەرامبەر ئێزدییەکان کراوە و هەزاران قوربانیی لێکەوتووەتەوە.
فراکسیۆنەکە دووپاتیکردووەتەوە، پابەندە بە بنەماکانى لێپرسینەوە و دادپەروەرى و بۆچوونیان وایە پێویستە یاسا بەبێ جیاوازى بەسەر هەموواندا جێبەجێبکرێت، بە تایبەت ئەوانەى دەستیان بەخوێنى رۆڵەکانى عێراق سووربووە.
داواشى لە سەرجەم هێزە سیاسییەکان کردووە، پرۆژە یاساکە رەتبکەنەوە و لە ئەگەرى پەسەندکردنیشى، رەچاوى لێکەوتەکانى لەسەر گەلى عێراق بکەن، لە هەمانکانیشدا هیواخوازە فراکسیۆنە سیاسییەکان پشتیوانیی هەڵوێستەکانیان بکەن لە داواکاریی بە دیهێنانى دادپەروەرى بۆ ئێزدییەکان لەبەرامبەر ئەوەى دووچارى هاتوون .
ئەمەش لەکاتێکدایە، فراکسیۆنى ئێزدى لە پەرلەمانی عێراق خاوەنى یەک کورسییە.
|