مەترسییەکی گەورە لەسەر ئابوری عێراقو بەتایبەتی ئەو داهاتە هەیە کە حکومەتی عێراق لەفرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەکەوێت، ئەمە لەنوسراوێکی بانکی ناوەندیدا ئاشکرابوە کە بۆ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی ناردوە.
بهگوێرهى نوسراوێكى بانكى ناوهندى عێراق كه تایبەتە بەو هەژمارە بانکییەی کە عێراق لەبانکی فیدراڵیی ئەمریکا هەیەتیو داهاتی نەوتی تێدا کۆدەکاتەوە کە بەدۆلارە، دواتریش بەگوێرهى پێویستییەکانی خۆییو بەگوێرەی ڕێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا ئەو دۆلارە بۆ پڕکردنەوەی خەرجییەکانی بەکاردەهێنێت.
نوسراوەکە واژۆی عەممار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندیی لەسەرەو نوسیویهتى:"ئەمریکا ئەو هەژمارەی داخستوە کە تائێستا داهاتی نەوتی عێراقی تێدا کۆکراوەتەوە، هەژمارەکە بەناوی (دی ئێف ئای)یە واتە سندوقی گەشەپێدانی عێراق لەساڵی 2003وە کاری پێدەکرێتو لەژێر چاودێرییو پاراستنی نەتەوەیەکگرتوەکانو ئەمریکادا بوە".
لهو ڕوهشهوه کامەران قادر پسۆری داراییو بانک، ئاماژە بەوەدەکات؛ مەترسییەکە لەوەدایە نەمانی ئەو هەژمارە، بە واتای ئەوە دێت، چیدیکە داهاتی عێراق لەهەژمارە نوێکەدا کە ناوی (عێراق دوو)ە، وەکو پێشتر پارێزراو نابێت لەئەگەرێکدا کە ئەمریکا بیەوێت کێشە بۆ عێراق دروستبکات".
لهخاڵی دوەمی نوسراوەکەى بانكى ناوهندى عێراقدا ئاماژه بهوهشكراوه، عێراق لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەمریکی گرێبەستی هەبوە بۆ گواستنەوەی دۆلارەکانی لەئەمریکاوە بۆ عێراق، گرێبەستەکە بەشێوەیەک بوە کە عێراق بڕی 441 هەزار دۆلاری وەکو پارەی دڵنیایی داوەتە کۆمپانیاکەو کرێی گواستنەوەی هەر کاروانێکی دۆلاریش 216 هەزارو 310 دۆلار بوە.