ئەمریکا و ئەوروپا فشار بۆ ئاگربەستی هەمیشەیی نێوان دیمەشق و هەسەدە دەکەن
نهانیوز-هەواڵەکان
تۆم باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا بۆ کاروباری سووریا، پشتیوانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دووپاتکردەوە.
تۆم باراک لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی (ئەمریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا و فەرەنسا)ی بڵاوکردەوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەسەر سێ خاڵی سەرەکی کراوەتەوە، ئەوانیش کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوان دیمەشق و هەسەدە، و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەمی 2026، هەروەها بەردەوامبوونی هەماهەنگییەکان لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش.
وڵاتانی ڕۆژئاوا پێشوازییان لە درێژکردنەوەی ئاگربەستی نێوان هەردوولا بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژ کردووە. هەروەها جەختیان لە گرنگی کردنەوەی ڕێڕەوی مرۆیی کردووەتەوە بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان و دەستپێکردنەوەی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لە شاری کۆبانێ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ستایشی ڕۆڵی حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوە لە پاڵپشتیکردنی هەوڵەکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکانی داعش، ئەمەش وەک بەشێک لە ستراتیژی پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە.
ئەمریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانی داوایان کردووە، کە ئەم ئاگربەستە کاتییە ببێتە ئاگربەستێکی هەمیشەیی. ئامانجی کۆتایی ئەم هەوڵانە بریتییە لە یەکخستنەوەی ئاشتیانەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا لەگەڵ دەوڵەتێکی یەکگرتووی خاوەن سەروەری کە مافی هەموو پێکهاتەکان بپارێزێت.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، هۆشداری دراوە لە دروستبوونی هەر بۆشاییەکی ئەمنی لەو ناوەندانەی چەکدارانی داعشی تێدا دەستبەسەرکراون. بۆ ئەم مەبەستەش، بڕیار دراوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئەنجام بدرێت.
|