کوردستان

حکومەتی کاتی سوریا بڕیارێکی بۆ کورد دەرکرد

نهانیوز-هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆی سووریا ڕێنمایی دا بە بەڕێوبەرایەتی گشتیی باری شارستانی بۆ ئامادەکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییەکانی پەیوەست بە مەرسومی ژمارە “١٣”ی ساڵی ٢٠٢٦، بە لەبەرچاوگرتنی ئاسانکاریی ڕێکارەکان بۆ هاووڵاتیانی کورد، لە ماوەیەکدا کە لە 5ی شوباتی داهاتوو تێنەپەڕێت.

بەپێی بڕیاری وەزارەتی ناوخۆی سووریا: “بۆ بەڕێوبەرایەتی گشتیی باری شارستانی؛ ماددەی چوارەمی مەرسومی ژمارە ١٣ کە لە ڕێکەوتی ١٦ / ١ / ٢٠٢٦ دەرچووە، دەڵێت: کارکردن بە سەرجەم یاسا و ڕێکارە نائاساییەکان کە لە ئەنجامی سەرژمێری ساڵی ١٩٦٢ لە پارێزگای حەسەکە دروست ببوون هەڵدەوەشێتەوە، و ڕەگەزنامەی سووری دەبەخشرێتە سەرجەم ئەو هاووڵاتییە بەڕەچەڵەک کوردانەی لەسەر خاکەکەی نیشتەجێن، بە (مەکتومولقەید)ەکانیشەوە، لەگەڵ یەکسانکردنی تەواویان لە ماف و ئەركەکاندا.“

هەروەها لە ماددەی حەوتەمدا هاتووە: “وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان بەرپرسن لە دەرکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییە پێویستەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی ئەم مەرسومە، هەر لایەنە و بەپێی پسپۆڕی خۆی.”

ئەوەش هاتووە: کار بکەن بە شێوەیەکی دەستبەجێ بۆ ئامادەکردنی ڕێنماییە جێبەجێکارییەکان تاوەکو ئەم مەرسومە بەپێی دەقەکەی جێبەجێ بکرێت، لەگەڵ ڕەچاوکردنی ئاسانکاریی ڕێکارەکان بۆ خوشک و برایانی کورد تا ئەو ڕادەیەی دەکرێت، و ڕەوانەکردنی بۆ ئێمە لە ماوەیەکدا کە دوا وادەی ٥ / ٢ / ٢٠٢٦ بێت.

22کاتژمێر پێش ئێستا
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.