کوردستان

کەشناسی: شەپۆلێکی نوێی بارانبارین هەرێم دەگرێتەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

لە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، شەپۆلێکی نوێی بەفروبارانبارین ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و بارانبارینی بەلێزمە چەند ناوچەیەک دەگرێتەوە.

ئاراس جەبار، شارەزا لە بواری کەشناسی بڵاویکردەوە: لە ئەنجامی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی هەردوو دەریای ناوەراست و سوور بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 28ی مانگ، شەپۆلێکی بارانبارین بە بڕی جیاواز سەرجەم ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە لەگەڵ بارینی بەفر لەناوچە شاخاویە بەرزەکان.

باسی لەوەشکردووە: کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک و ئیدارەی گەرمیان زیاتر دەبێت بەتایبەت لەنێوان کاتەکانی شەوی چوارشەممە لەسەر پێنجشەممە، لەو ناوچانەدا ئەگەری چالاکبوونی هەورە بروسکەی بەهێز و بارانی بەخوڕ دەبێت لەگەڵ بارینی تەرزەش لەهەندێ شوێن و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، لەناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران کاریگەری مامناوەند دەبێت بەشێوەی بارانی پچر پچر، پلەکانی گەرماش بەرێژەی دوو تا سێ پلە نزمدەبنەوە.

بە وتەی ئەو کەشناسە کوردە، کاریگەری ئەم شەپۆلە بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە، لەسەر سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و کەرکووک و ئیدارەی سۆران و گەرمیان کۆتایی پێدێت، بەڵام لەناوچەکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی راپەرین کاریگەریەکانی بەلاوازی بەردەوامی دەبێت تا کاتەکانی ئێوارەی هەمان رۆژ و دواتر کەش جێگیر دەبێتەوە.

رێژەی بارانی پێشبینیکراو:

سلێمانی 25 – 40 ملم

هەولێر 2 – 5 ملم

دهۆک 5 – 10 ملم

هەڵەبجە 10 – 20 ملم

کەرکووک 20 – 30 ملم

گەرمیان 10 – 25 ملم

راپەرین 20 – 30 ملم

سۆران 5 – 15 ملم.

2026-01-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.