قوباد تاڵەبانی لە بارەی دۆخی رۆژئاوا پەیامێکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیامێکی سەبارەت بە دۆخی رۆژئاوا بڵاوکردەوە.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا قوباد تاڵەبانی رایدەگەیەنێت" ئێمەی کورد لە جیهان و دەستڕۆیشتووەکان ناپاڕێینەوە بمانپارێزن، بەڵکو بیریان دەخەینەوە ئەمە یەکەمجار نییە لە دژی کورد پشتی نەیارانی کورد دەگرن و هەموو جارێکیش دوای ساڵانێک بۆیان دەرکەوتووە کە زیانیان کردووە. تەنها ئەوەندە بەسە بیریان بێت سەردەمێک پشتی رژێمی بەعسیان گرت لە دژی کورد. کورد ما و بەعس بە دنیایەک کارەسات و تاوانەوە رۆیشت".
جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەیدا دەڵێت" بیری هەموو مرۆڤێکی خاوەن ویژدانی جیهانی دەخەینەوە کە ئەمە تەنها هێرش نییە بۆ سەر ئیدارەی خۆسەر و رۆژئاوای کوردستان، بەڵکو هێرشە بۆسەر شکۆ و کەرامەتی کورد لە هەموو جیهان، هێرشە بۆ سەر هێز و گەلێک، کە زیاتر لە دوازدە ساڵە لەبری هەموو دونیا، شەڕی تیرۆری کرد و گەلانی سوریای بەبێ جیاوازی و بەهەموو پێکهاتەکانییەوە پاراست".
قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا رایدەگەیەنێت" ئێمە شانازی بەو هەستی هاوپەیوەندی و هاوسۆزییەی هەموو کوردەوە دەکەین و ئەمەش تەنها گەرەنتیی بوون و مانمانە. بە ئەرکی خۆمان دەزانین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ یارمەتیدانی کوڕ و کچە ئازاکانمان لە رۆژئاوا و راگرتنی ئەو دۆخە دژوار و ئاڵۆزە و ئاساییبوونەوەی دۆخەکە و گەرەنتیکردنی مافەکانیان لەناو دەستووری هەمیشەیی".
|